هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بۆ ساڵی 2022 دوادەخرێت

دەنگ نیوز

میدیاكانی عێراقی بەپشت بەستن بەزانیارییەكانی چەند سەرچاوەیەكەوە رایانگەیاند، لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەكان لە عێراق بڕیاری یەكلاكەرەوەیانداوە و لەنێوان خۆیاندا رێككەوتوون تاوەكو هەڵبژاردنی پێشوەختە كە بڕیارە لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ نەكرێت و بۆ مانگی نیسانی 2022 دوابخرێت.

هاوكات لایەنە سیاسییەكان سەرقاڵی گفتوگۆن لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی باری نائاسایی یاخود حكومەتی رزگاری نیشمانی.

هەندێك لە كوتلە سیاسییەكان نایانەوێت هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، بەهۆی ئەوەی پێگەی جەماوەرییان پاشەكشێی كردووە، ترسیان هەیە كورسی ‌و بەرژەوەندییەكانیان لەدەستبدەن. ئەمە لە كاتێكدایە 70%ی كوتلە سیاسییەكان پاڵپشتی بیرۆكەی دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن، لەبەرامبەردا 30%ی لایەنەكان دژی دواخستنی هەڵبژاردنەكەن.

سەرچاوەكان بەمیدیاكانی عێراقی راگەیاندووە، كوتلە سیاسییەكان رێككەوتوون لەسەر گۆڕانكاری لە (8) وەزیری كابینەی مستەفا كازمیدا بكرێت، ئەمە نیشاندەری ئەوەیە لایەنەكان رێككەوتوون لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن، چونكە ئەگەر هەڵبژاردن دوانەخرێت، بۆچی دەبێت گۆڕانكاری وزاریی بكرێت.

پێشبینی دەكرێت لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ دواخستنی وادەی هەڵبژاردن بۆ مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو رابگەیەندرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *