سەرۆکایەتییەکانی عێراق سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی وڵات کۆبوونەوە

دەنگ نیوز

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢١/٥/٢٧ لە کۆشکی بەغداد بە ئامادەبوونی د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و مستەفا کازمی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و دادوەر فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی وڵات و دەرئەنجامە مەترسیدارەکانی.

بەشداربووانی کۆبوونەوەکە جەختیانکردەوە رووداوەکانی ئەم دواییەی وڵات پێویستی بە یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکانە بەئاڕاستەی ھێنانەدی ئاسایش و ئارامی و پاراستنی شکۆ و سەروەری دەوڵەت و جێبەجێکردنی پرۆسەی نیشتمای کە هێزی گەل و چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بونیادیان ناوە لە پێناو رزگارکردنی وڵات لە قەیران و ئاستەنگەکان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە.

ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە جەختیشانکردەوە بەردەوامی گرژییە ئەمنییەکان و دەستدرێژیکردنە سەر دەسەڵاتی دەوڵەت و پاراستنی مافەکانی بۆ دەستگرتن بەسەر بڕیاری ئەمنی و سەربازی پێشلکارییەکی مەترسیدارە بۆ سەر دەسەڵات و شکۆی دەوڵەت لە سەپاندنی یاسا و پارێزگاریکردن لە ئاسایشی هاووڵاتیان، ھەروەک سەقامگیری وڵات دەخاتە ژێر مەترسی راستەقینەوە، بۆیە پێویستە ھێز و لایەنە سیاسییەکان هەڵوێستی جددیان ھەبێت بۆ رێگرتن لەو جۆرە رووداوانە و پشتیوانی دەوڵەت بکەن بۆ رێکخستنەوەی چەک تەنھا لە دەست دەوڵەت و یەکخستنی تواناکان و دوور خستنەوەی فیتنە و بەهێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و دانبەخۆداگرتن، هەروەها گرنگە بڕیاری یەکگرتوو و جددی بۆ کۆتایی ھێنان بە قەیرانەکان بە گوێرەی دەستوور و یاسا و رێگریکردن لە دروستبوونی گرژی زیاتر دەربکرێت.

بەشداربووانی کۆبوونەوە دووپاتیانکردەوە لەسەر پێویستی رێزگرتن لەو بڕیارانەی کە لەلایەن دادگاوە دەردەچێت، ھەروەھا رێزگرتن لە جێبەجێکردنی رێکارەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەت لەبارەی دۆسێ یاساییەکان و رێگرینەکردن لە بڕیارەکانی دادگا لە دەرەوەی چوارچێوەی دەستوور و پابەندبوون بە رێوشوێن و دەقە یاساییەکان لە پێناو بەرز راگرتنی سەروەری یاسا و بنەمای بە ھاووڵاتی بوون لە دەوڵەتێک کە پارێزەری گەل و زامنی مافی تەواوی هاووڵاتییەکانی بکات بەبێ جیاوازی.

لە کۆتای کۆبوونەوەکەدا بەشداربووان تەئکیدیانکردەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتوو گرنگییەکی یەکجار گەورەی هەیە، بەتایبەتی کە دوای داواکارییە جەماوەرییەکان ھات بۆ چاکسازی، هەروەها دوای کەڵەکەبوونی قەیرانەکان و خراپ بەڕێوەبردن و تەشەنەکردنی گەندەڵی، بۆیە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لە مانگی ئۆکتۆبەری داهاتوو ئەرکێکی دەستووری و نیشتمانییە، بۆیە پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە و پێویستە ببێتە دەرفەتێک بۆ دەربازبوون لە کێشە و ئاستەنگەکان کە وڵات پێیەوە دەناڵێنێ، تاوەکو گۆڕانکاری بنەڕەتی بێتەکایەوە بە ئاڕاستەی راستکردنەوەی ھەڵەکان بە رێگەی ئاشتی، لەو چوارچێوەیەشدا و بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجانە پێویستە مەرجی پێویست بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن دابنرێت و هیچ پاشەکشەیەک نەکرێ لە جێبەجێکردنی پێوەرەکانی پاک و بێگەردی لە تەواوی قۆناغەکاندا، ھاوکات زامنی بەشداری بەرفراوانی خەڵک بکرێت، لە پێناو فەراھەمکردنی خواستی ئازادانەی گەل لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان دوور لە ساختەکاری و فرتوفێڵ و گوشار، وەک دەرفەتێک بۆ ھێنانەکایەوەی خواستی راستەقینەی خەڵک.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *