جۆ بایدن لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات
دەنگ نیوز
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوا لە دەزگای ھەواڵگریی وڵاتەکەی دەکات لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکات و چینیش سەرکۆنەی لێدوان و بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا دەکات.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، داوای لە دەزگای ھەواڵگریی کردووە لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکات و لەماوەی ٩٠ رۆژدا راپۆرتێک لەمبارەیەوە پێشکەش بکات.
وتیشی، دوای ئەوەی جڵەوی دەسەڵاتی لە کۆشکی سپی وەرگرت، داوای لە راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کردووە راپۆرتێک لەبارەی سەرچاوەی سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئامادە بکات.
لەبەرامبەریشدا، باڵیۆزخانەی چین لە واشنتۆن رایگەیاند، لەکاتێکدا جیھان گیرۆدەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، چەند وڵات و لایەنێک پرسەکەیان بە ئاراستەیەکی تردا بردووە.
رونیشیکردەوە، دەستوەردان لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، ئاستەنگ لەبەردەم دیاریکردنی سەرچاوەی سەرھەڵدان و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروست دەکات.