كونسوڵخانەی ئەمریكا و پارێزەرانی سزادراوانی بادینان كۆبوونەوە
دەنگ نیوز
بەمەبەستی ئاگاداربوون لە دوایین پێشهاتەكان لەبارەی سزادراوانی بادینان، كونسوڵخانەی ئەمریكا و پارێزەرانی كەیسەكە لە هەولێر كۆبوونەوە.
بەشدار حەسەن، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی سزادراوانی بادینان بە پۆلیتیك پرێسی رایگەیاند، رۆژی 27ی مانگ لەگەڵ كونسوڵخانەی ئەمریكا لەسەر دۆسیەی سزادراوانی بادینان كۆبوونەوە، باسی لەوەشكرد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەوڵەكان لەسەر ئەو دۆسیەیە چڕبوونەتەوە، بۆ ئازادكردنی سزادراوانی بادینان. بەڵام ئامادەنەبوو ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە ئاشكرابكات.
دەربارەی قۆناغی راستكردنەوەی بڕیاری دادگای پێداچوونەوە بە پەسندكردنی بڕیاری دادگای دووی تاوانەكانی هەولێر بەشدار حەسەن وتی: قۆناغی راستكردنەوەی بڕیارەكە، كاتێكی دیاریكراوی نیە هاوشێوەی بڕیاری دادگا كە ماوەی 30 رۆژ لەبەردەستدادەبێت بۆ تانە لێدان.
روونیشیكردوە، بڕوای وایە پێش جەژنی قوربان دادگای پێداچوونەوە بڕیارێك لە بەرژەوەندی سزادراوان دەربكات.
رۆژی 16ی شوباتی ئەمساڵ سزای زیندانیكردنی هەریەك لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز كەرەم، هەریوان عیسا و گۆهدار زێباری لەلایەن دادگای تاوانی دووی هەولێرەوە دەركرا، پارێزەرانی بەرگریكار لە سزا دراون، داوای پێداچوونەوە(تەمیز)ی بڕیارەكەیان كرد بەڵام دادگای پێداچوونەوە لەسەرەتای مانگی ئایار بڕیاریدا بە وەڵامدانەوەی داواكە بە پەسەندكردنی بڕیاری دادگا تاوانی دووی هەولێر سەبارەت بە سزادانی بەندكراوان.
لە ئێستادا بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە لە قۆناغی (راستكردنەوەدایە).