دەمیرتاش بە دوو ساڵ زیندانی كرایەوە
دەنگ نیوز
بەتۆمەتی هەڕەشەکردن لە سەرۆکی داواکاری گشتیی کۆماریی لە ئەنقەرە و مەترسی خستنە سەر ژیانی بەهۆی ئاشکراکردنی ناسنامەی لە کەیسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، ئەمڕۆ هەینی 28ی ئایاری 2021، سەڵاحەددین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە 22مین دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرە بە دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردن سزای نوێی بەسەردا سەپێندرا.
سەڵاحەددین دەمیرتاش کە لە مانگی تشرینی دووەمی 2016ـەوە زیندانیکراوە، ئەمڕۆ لە رێگەی سیستەمی ئۆنلاین لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی ئەدیرنەوە بەئامادەبوونی پارێزەرانی، بەشداری لە پرۆسەی دادگاییکردنی کرد.
داواكاری گشتیی، تۆمەتەكانی هەڕەشەی كوشتن لە یوكسەل كۆجامان سەرۆكی داواكاری گشتیی كۆماریی ئەنقەرە و ئاشكراكردنی ناسنامەكەی لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی دژەتیرۆر خستەپاڵ دەمیرتاش و داوای هەشت ساڵ زیندانیكردنی كرد.
دەمیرتاش بەدەستەی دادوەرانی گوت “رۆژێک دێت باجی هەموو ئەم ستەم و زوڵمە دەدەن کە بەناوی یاساوە ئەنجامی دەدەن”. راشیگەیاند، سێ هەزار و 500 لاپەڕە تۆمەتنامە لەدژییەوە ئامادەکراوە، بەڵام یەک دانە بەڵگەی بەرجەستەکراوی لەخۆ نەگرتووە تەنیا پشت بە تویتێك و وێنەیەكی یوكسەل كۆجامان بەستراوە كە خۆی و هاوژینەكەی لەگەڵ ئەردۆغان وێنەیان گرتووە.