هەپەگە: تورکیا سروشتی کوردستان تاڵان دەکات

دەنگ نیوز

هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایدەگەیەنێت، تورکیا سروشتی کوردستان تاڵان دەکات و دەشڵێت، ئەوانەی سروشتی کوردستان تاڵان دەکەن بە دڵنیاییەوە سزادەدرێن.

ڕێڤینگ هروری پەرلەمانتاری پارتی ئەمڕۆ رایگەیاند ” سوپای تورکیا کۆمپانیایەکی لەگەڵ خۆی هێناوە بۆ بڕینەوەی دارەکانی ناوچەکە، دارەکانی هەرێمی کوردستان دەبڕێتەوەو پاشان لە تورکیا دەیانفرۆشێتەوە”.

لەمبارەیەوە ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنییەکانی هەپەگە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، تورکیا سەرەڕای هێرشی داگیرکاری بۆ سەر خاکی کوردستان، دەستیکردووە بە سووتاندنی دارستانەکان و خەریکی داربڕینە. بە تایبەتیش لەم دواییانەدا، لە ناوچەکانی مەتین، زاپ، ئاڤاشین و ناوچەکانی دیکە. تورکیا لە دژی گەلی کورد تاوان ئەنجامدەدات، هاوکات بە تاڵانکردنی سروشتی کوردستان تاوانی گەورە دەکات.

سوپای تورکیا رۆژی 23ی نیسانی ئەمساڵ، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەناوی چڕنووکی بروسکە لە ناوچەکانی مەتین، زاپ و ئاڤاشین دەستپێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *