دوو رۆژ جارێک ئاو بە هاووڵاتییان دەدرێت

دەنگ نیوز

وشکەساڵی و کەمئاوی مەترسییەکی چاوەڕوانکراوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق. بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێم لە ئێستادا بەنیازە پلانێک جێبەجێ بکات بۆ بەرگرتن لە قەیرانی کەمئاوی.

 بۆ ڕێگری لە بەھەدەردانی ئاو و خۆگونجاندن لەگەڵ دیاردەی وشکە ساڵی، بڕیاردرا لە دوو ڕۆژدا جارێک و بۆ ماوەی ٢ تاوەکو ٦ کاتژمێر ئاو بۆ ھاووڵاتیان بەربدرێتەوە.

ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێم لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێم بە “کوردسات نیوز”ی ڕایگەیاند، ڕۆژانە ملیۆنێک و ٩٠٠ بۆ ٢ ملیۆن و ١٥٠ مەتر سێجا ئاو بۆ ھاوبەشانی ئاو بەردەدەنەوە، بەڵام ھۆشیاری پاراستنی ئاو لەناو ھاووڵاتیاندا کەمە و ھەندێکجار تانکی ئاوی ماڵان دوای پڕبوونی بۆ ماوەیەکی زۆر ئاوی لێ دەڕژێت و بە چەند شێوەیەکی تریش ئاو بە ھەدەر دەدرێت.

ھەروەھا دیاردەی وشکە ساڵی ڕووی لە ھەرێم و ناوچەکە کردووە، بۆ ئەو مەبەستە بڕیاریانداوە لە دوو ڕۆژدا جارێک و بۆ ماوەی ٢ تاوەکو ٦ کاتژمێر ئاو بۆ ھاووڵاتیان بەربدەنەوە.

وتیشی، ئەو ماڵ و شوێنانەشی لە ڕابردوودا ١٢ تاوەکو ٢٤ کاتژمێر ئاویان ھەبووە ئەوانیش لە ڕۆژێکدا ٦ کاتژمێر ئاویان بۆ دابین دەکرێت، داواش لە ھاووڵاتیان دەکات ئەگەر پێویستیان بە ھەر بڕە ئاوێک نەبوو بەفیڕۆی مەدەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *