خوێندنەوەى دووەم بۆ خانەنشینبوونی کرێکارانی کەرتی تایبەت دەکرێت

دەنگ نیوز

لە سەرەتای ئەم مانگەدا لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتیی و پەنابەران لە پەرلەمانی عێراق، پرۆژەی یاسای خانەنشینبوونی کرێکارانی کەرتی تایبەت پێشکەشی ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی عێراق کردبوو. خوێندنی یەکەمی بۆ کرا و بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 29ی ئایار خوێندنی دووەمی بۆ بکرێت.  

لەمبارەیەوە، فازڵ فەتلاوى، ئەندامی لیژنەى کاروبارى کۆمەڵایەتى و پەنابەران لە پەرلەمانى عێراق بە میدیای فەرمیی حکومەتی عێراق راگەیاند، پڕۆژەیاساکە کە لەلایەن لیژنەکەیانەوە پێشکەشکراوە چارەسەرێکى نمونەی تێدایە بۆ دەستەبەرکردنى مافى کرێکاران بەتایبەتى مافى خانەنشینبوون و ئافرەتانیش باشترین دەرفەتیان پێدراوە.  دەبێتە یەکەم هەنگاوى ئەرێنی بۆ پتەوکردن و پاراستنى مافەکانى کرێکاران لە کەرتى تایبەتدا.

فەتلاوی ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، چەند لیژنەیەکى دیکەی ناو پەرلەمان و هەروەها ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و چەند لایەنێکی پەیوەندیدار چەند پێشنیازێک دراوەتە لیژنەکە بۆ دەوڵەمەندکردنى پڕۆژەیاساکە. 

راشیگەیاند، یاساکە دەبێتە ڕەگەزێکى سەرەکى بۆ پاراستن و دەستەبەرکردنى مافى کرێکاران و چالاککردنى کەرتى تایبەت بەشێوەیەکى گشتى و عێراقیش بەو دۆخەى کە تیایدا تێپەڕدەبێت پێویستى بەیاسایەکى لەو جۆرە هەیە. 

ئەو ئەندامەى لیژنەى کاروبارى کۆمەڵایەتى باسى لەوەش کردووە، هەندێک لە پێشنیازەکان کە گەیشتونەتە لیژنەکە داوا دەکەن موچەى خانەنشینى بیمەى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران لە 400 هەزار کەمتر نەبێت و یاساکەش گرنگیەکى زۆرى کرێکارە ژنەکان و دیارىکردنى تەمەنى خانەنشینیان داوە کە لەنێوان 45 بۆ 50 ساڵیدایە. 

فەتلاوى ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە، بەپێى یاساکە ژمارەى کرێکارەکان کە لە بیمەى کۆمەڵایەتى تۆماربکرێن دەگاتە پێنج ملیۆن کرێکار و هەروەها یاساکە هاندانێکى تایبەتە بۆ کەرتى تایبەت و دەستەبەرکردنى مافى کرێکاران و گەڕان بەدواى کاردا لەکەرتى تایبەت لەبرى دەوڵەت. 

ئەوەشى خستووەتەڕوو، پڕۆژەیاساکە ئەمڕۆ شەممە خوێندنەوەى دووەمى بۆ دەکرێت بۆ ئەوەى دەرگایەکى تر بۆ پێشنیازى نوێ بکاتەوە و بخرێـتە سەر یاساکە کە زیاتر لە 117 بڕگەى گرنگ لەخۆ دەگرێت. 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *