عێراق 125 ملیۆن دۆلار بەمەرج دەگەڕێنێتەوە بۆ ئێران
دەنگ نیوز
وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند، حكومەتی عیراق بڕی ١٢٥ ملیۆن دۆلاری پارەی بلۆككراوی ئەو وڵاتەی بە ئامانجی كڕینی ١٦ ملیۆن ژەمە ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ گێڕاوەتەوە.
رەزا ئەردكانیان، رایگەیاند، گەڕانەوەی ئەو پارە بلۆككراوانە لەئەنجامی هەوڵێكی زۆرەوە بووە و بانكی بازرگانی عیراقی پارەكانی حەواڵەی بانكی ناوەندیی سویسری دەكات.
وتیشی، هەفتەی داهاتوو رێكارە ئیدارییەكان تەواو دەبن و كاروانێكی ڤاكیسنی كۆرۆنا رادەستی وەزارەتی تەندروستی ئێران دەكرێت.
رەزا ئەردكانیان وتیشی، بەشێك لە شایستە داراییەكانی وڵاتەكەی بۆ كڕینی ڤاكسینی كۆرۆنای سپۆنتیكی روسی خەرجدەكرێت.
عیراق ساڵانە غاز و كارەبا لە ئێرانەوە هاوردە دەكات، بەڵام بەهۆی سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر تاران، پارەكانی بلۆككران و نەیدەتوانی شایستەداراییەكانی خەرجبكات. هاوكات، بەگوێرەی راپۆرتەكان قەرزەكان دەگات نزیكەی پێنج ملیار دۆلاری ئەمریكی.
لە ساڵی ٢٠١٨ دوای ئەوەی ئەمریكا تاك لایەنانە لە رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران كشایەوە، كۆمەڵێك سزای دارایی و ئابوری و بازرگانی بەسەردا سەپاند و یەكێك لە سزاكان بلۆككردنی پارەكانی ئەو وڵاتەبوو لە بانكەكانی دەرەوە كە كۆی پارە بلۆككراوەكانیشی بە زیاتر لە ٤٠ ملیار دۆلار دەخەمڵینرێت.