دوو تیرۆریست لە نەینەوا و كهرکووک دەستگیرکران
دەنگ نیوز
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەر بە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، هێزەکانی هەواڵگری سەربازیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی لە ئۆپەراسیۆنێکدا دوو داواکراوی دەستگیرکرد کە چەک و تەقەمەنییان بۆ حەشارگەکانی داعش لە هەردوو پارێزگای نەینەوا و کەرکووک دەگواستەوە.
شانەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، زانیاریی وردی هەواڵگرییان پێگەیشتووە لە بارەی بوونی دوو تیرۆریست لە هەردوو پارێزگای نەینەوا و کەرکووک کە کاریان کردووە بۆ گواستنەوەی چەک بۆ حەشارگەکانی داعش.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانی هەواڵگریی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر سەربە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی سەربازیی و هێزێکی کەتیبەی چاودێری سەربە هەمان بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامداوە و لە ئۆپەراسیۆنەکەدا یەکێک لە تیرۆریستەکانیان لە گەڕەکی ئینتیسار لە پارێزگای نەینەوا و تیرۆریستەکەی دیکەیش لە ناوچەی داقوق لە پارێزگای کەرکووک دەستگیرکراوە.
ئاماژە بەوەشدراوە کە هەردوو تیرۆریستەکە لە کاتی دەستگیرکردنیاندا ٢٤٧ هەزار دۆلاری ئەمریکییان پێبووە. لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕو کە هەردوو تیرۆریستە دەستگیرکراوە بەپێی ماددەی چوار تیرۆر داواکرابوون.
مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧، ھێزە عێراقییەکان بە پاڵپشتیی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش و دوای سێ ساڵ لە شەڕی سەخت دژبە چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ئەو رووبەرەیان راگەیاند کە بە یەک لەسەر سێی خاکی عێراق ھەژماردەکرا و داعش لە ھاوینی ٢٠١٤ کۆنترۆڵی کردبوو.
وێڕای ئەوەی عێراق لە هەمان ساڵدا، عێراق سهركهوتنی بهسهر ئهو رێكخراوهدا راگهیاند، بەڵام شانە نووستووەکانی رێکخراوەکە تاکو ئێستا بەردەوامن لە ھێرشەکانیان بهتایبهت لە گوندەواری پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین و ئەنبار.