لە كەنەدا گۆڕێكی بەكۆمەڵ دۆزرایەوە

دەنگ نیوز

لە باخچەی بەشی ناوخۆیی كڵێسایەكی كۆن، گۆڕێكی بەكۆمەڵ دۆزرایەوە كە ئێسك و پروسكی ٢١٥ منداڵی ( دانیشتووانی ڕەسەنی) لەخۆگرتووە.

دۆزینەوەی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵە، ئەو نەهامەتیانە وەبیر دانیشتووانی ڕەسەنی كەنەدا ناسراو بە ( هندییە سورەكان) دەهێنێتەوە كەلەسەدەكانی رابردوودا بەسەریاندا هێنراوە، كاتێك منداڵەكانیان بەزۆر لێ دوورخراونەتەوە تا كەلتوری رەسەنی خۆیان لەبیربكەن.

رۆژنامەی (نییۆرك تایمز) بڵاویكردووەتەوە، لەناو گۆڕە بەكۆمەڵەكەدا كە كەوتووەتە ناوچەی (بریچ كۆڵۆمبیا)، رووفاتی ژمارەیەك منداڵی تێدایە كە تەمەنی نەگەیشتووەتە سێ ساڵ.

لەو سەردەمەدا كاتێك منداڵی یەكێك لەخێزانە رەسەنەكانی كەنەدا بەشێوەیەكی گوماناوی دیار نەدەما و دواتر هەواڵی مەرگیان پێدەدان، تەرمەكانیان رادەستی خێزانەكانیان نەدەكرایەوە، بەڵكو بەپێچەوانەوە پاساویان بۆ دیارنەمانی تەرمەكانیان دەدا بەكەسوكارەكانیان.

كڵێساكە لەساڵی 1890 بۆ دانیشتووانی رەسەنی كەنەدا بونیاتنراوەو تا حەفتەكانی سەدەی رابردوو بەردەوامی هەبووە.

رۆزانا كاسیمیر، ئەندامی ھۆزی Tk’emlups te Secwepemc First Nation،  دەڵێت، ئەوەی دۆزراوەتەوە پاشماوەی تەرمی منداڵانی خێزانەكانی سەر بە ھۆزەكەیانە و ھەفتەی رابردوو لە رێگەی بەكارھێنانی رادارێكی تایبەت تەرمەكان دۆزراونەتە.

رۆزانا كاسیمیر، وتی: “ئەگەر ئەوە بخەینە بەرچاو كە قوتابخانەكە ناوی ٥٠٠ خوێندكاری لێ تۆماركراوە، لەوە تێدەگەین كە چەند ئەم زیانە پشتڕاستكراوە، كاریگەری لەسەر كۆمەڵگەكانمان كردووە”.

لەلایەن خۆشییەوە، سەرۆكوەزیرانی كەنەدا جەستن ترۆدۆ، لە بڵاوكراوەیەكدا لە رێگەی ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانەوە رووداوەكەی بە “دڵتەزێن” ناوبردو ئاماژەی بەوەكردووە:” ئەو تەرمانەی كە لە بەشی ناوخۆیی قوتابخانەی كڵێسایەكی كۆن دۆزراونەتەوە دڵمی تەزاند. ئەمە یادەوەرییەكی خەمناكی ئەو قۆناغە تاریك و پر شەرمەی مێژووی وڵاتەكەمانە”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *