رێواز فایەق: داپۆشەری هەموو ئەو ناشیرینیانە نابم لە کوردستان هەیە
دەنگ نیوز
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هەفتەیەک مۆڵەت بەحکومەت دەدات بۆ کۆبوونەوە لەسەر مووچە و دەشڵێت، چیتر ناتوانێت بەرگە بگرێت و ببێتە داپۆشەرى هەموو ئەو ناشرینیانەى لەهەرێمى کوردستان هەیە.
لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، هەفتەیەک مۆڵەتیان داوەتە حکومەت بۆ ئامادەبوونیان لەکۆبوونەوەى پەرلەمان بەمەبەستى تاوتوێکردنى پرسی موچە.
ئەمڕۆ سێشەممە 1ی حوزەیرانی 2021، رێواز فایەق بۆ رۆژنامەنووسان دوا و وتى “پەرلەمانتاران داواى ئامادەبوونى حکومەتیان کردووە لەکۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ قسەکردن لەسەر کەمى تەمویلى موچە، ئێمەش هەفتەیەکمان داوەتە حکومەت بۆ ئامادەبوونى”.
رێوز فایەق وتیشى “پێمباشە کۆبوونەوەکەى پەرلەمان بەرهەمدار بێت نەک تەنها بۆ دروشم بێت”.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسى لەوەشکرد، 56 پەرلەمانتار داوایانکردووە بەبێ ئامادەبوونى حکومەتیش بێت کۆبوونەوە بکرێت، بەڵام لەبەرانبەردا 65 پەرلەمانتار داواى ئامادەبوونى حکومەتیان کردووە.
دەشڵێت “چیتر ناتوانێت بەرگە بگرێت و ببێتە داپۆشەرى هەموو ئەو ناشرینیانەى لەهەرێمى کوردستان هەیە”.