ئەم هەفتەیە 500 هەزار ڤاکسینی سینۆفارم دەگاتە عێراق

دەنگ نیوز

شۆڕش خالید، باڵوێزی عێراق لە وڵاتی چین، ئەمڕۆ سێشەممە 1ی حوزەیرانی 2021 بەئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراقی ڕاگەیاند “ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو 500 هەزار دانە لە ڤاکسینی سینۆفارمی چینی دەگاتە عێراق، ئەو بڕەش بەشێکە لەو دوو ملیۆن دانەیەى کە پێشتر لەگەڵ ئەو وڵاتەدا گرێبەستێک لەو بارەیەوە واژوو کراوە “. 

هەر سەبارەت بەم بابەتە ڕوبا فەلاح، بەپرسی ڕاگەیاندنی وەزارەتى تەندروستیى عێراق ئاشکرایکرد، لەسەرەتای مانگی تەممووزی ئەمساڵدا ژمارەی ڤاکسینی هاوردەکراوی جۆری فایزەر 10 هێندە زیاد دەکرێت. وەزارەت پابەندە بەوەی ئەو جۆرە ڤاکسینانە هاوردە بکات کە خواستی هاوڵاتیانی لەسەرە.

وەزارەتی تەندروستیی هەروەها گرێبەستی لەگەڵ ڕوسیا واژو کردووە بۆ هاوردەکردنی ڤاکسینی سپۆتنیک. هۆشداریشداوە بەو کەسانەی کە ڤاکسینەکانیان لەخۆداوە بەردەوام بن لە بەستنی دەمامک وپەیڕەوکردنی ڕێکارەکانی بەرگرتن لەپەتاکە، چونکە کەمبوونەوەی ڕێژەی توشبوون لەنەخۆشییەکە ئەوە ناگەیەنێت کەمەترسی ڤایرۆسەکە نەماوە، بەستنی دەمامک بەرگریی جەستیان دژ بە نەخۆشییەکە زیاتر دەکات.  

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *