فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە دەبێتە وەزارەت

دەنگ نیوز

حكومەتی هەرێمی كوردستان بەنیازە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بكاتە وەزارەت، بەپرسی فەرمانگەكەش دەڵێت: یاسایەك بۆ ئەو مەبەستە دادەڕێژین و رەوانەی پەرلەمانی دەكەین بەمەبەستی پەسەندكردنی.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بە میدیاكانی نزیك لە پارتی راگەیاندووە، كار لەسەر پێداچوونەوە بە فەرمانگەكە و كارەكانی دەكەین و دەمانەوێت وەكو وەزارەتێك بێت و پەرلەمانی كوردستانیش یاسایەكی بۆ دەربكات.

وتیشی:” “ئێستا سەرقاڵی ئەوەین یاسایەك بۆ فەرمانگەكە دابڕێژین و بینێرین بۆ حكومەت بۆ ئەوەی كاری لەسەربكرێت، لە ئایندەشدا رەوانەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت بەمەبەستی پەسەندكردنی”.

سەفین دزەیی كە لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو پۆستەی پێدراوە، ئاشكراشیكردووە، یەكێك لەو گۆڕانكارییانەی بەنیازن بیكەن، ئەوەیە فەرمانگە بكرێتە وەزارەت، بەڵام ناوی وەزارەتی دەرەوە نابێت، بەڵكو ناوێكی دیكەی دەبێت.

بەوتەی بەرپرسی فەرمانگەی پەویەندییەكانی دەرەوەی هەرێم، لەئێستادا هەرێمی كوردستان پەیوەندی باشی لەگەڵ وڵاتانی جیهان هەیەو  41 كۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان كراونەتەوە، لە بەرامبەریشدا حكومەتی هەرێمی كوردستان 14 نوێنەرایەتی لە دەرەوە هەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *