عێراق بایی شەش ملیار دۆلار نەوتی هەناردە کردووە
دەنگ نیوز
وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند، لە مانگى ڕابردوودا نزیکەى 90 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەکراوە و داهاتى نەوتى هەناردەکراویش نزیکەى شەش ملیار دۆلار بووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 1ى حوزەیرانى 2021 لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویكردەوە، لە مانگى ئایارى ڕابردوودا 89 ملیۆن و 881 هەزار و 268 بەرمیل نەوت هەناردەکراوە.
لە راگەیەنراوەكەدا زیاتر هاتووە، داهاتى بڕى هەناردەکراوى نەوت لە هەمان مانگدا گەیشتووەتە پێنج ملیار و 882 ملیۆن و 356 هەزار دۆلار، تێکڕاى نرخى یەک بەرمیل نەوتیش 65.459 دۆلار بووە.
وەزارەتەکە لە بەشێکى ترى بەیاننامەکەیدا ئاماژەى بەوەداوە، نەوتى هەناردەکراو 86 ملیۆن و 820 هەزار و 355 بەرمیلى لە کێڵگە نەوتییەکانى ناوەڕاست و باشورى عێراق بووە و 3 ملیۆن و 60 هەزار و 913 بەرمیلیشى لە کەرکوکەوە بۆ بەندەرى جەیهان بووە، تێکڕاى هەناردەى ڕۆژانەش 2 ملیۆن و 899 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا.