پێشمەرگە چەند ناوچەیەکی لە داعش پاککردەوە
دەنگ نیوز
راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەواڵێک لەبارەی ئۆپەراسیۆنێکی هێزی پێشمەرگە لە دژی داعش بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ئەو هەواڵەی لە سەنتەری میدیای وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوکراوەتەوە، لە تۆڵەی ئەو هێرش و پەلامارە تیرۆریستیانەی، کە لەو ماوەیەدا داعش کردیە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە و بووە هۆی شەهید کردن و بریندارکردنی چەند پێشمەرگەیەک، لەوانە ( نقیب پشتیوان قرنی، هێمن یەحیا، ئیدریس بەهرام و موحسینی حاجی حسین).
شەوی ڕابوردو لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا، هێزەکانی پێشمەرگە، بە پشتیوانی هێزە تایبەتەکانی هاوپەیمانان لە ئاسمان و زەویەوە، لە ناوچەی (کاوێرکەوا – داوێ)، هێرشیان کردە سەر تیرۆریستانی داعش و ناوچەیەکی فراوانیان لێ پاککردنەوە.
لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، ژمارەیەک تیرۆریستی داعش کوژران، هەروەها چەند مۆڵگەیەکیان وێران کرا، کەتیایدا دەمانەوە و پیلانی کردەوە تیرۆریستیەکانیان تێدا دادەڕشت، چەند پارچە چەک کەوتنە دەست پێشمەرگە. ئەمە پەیامێک بوو بۆ تیرۆریستانی داعش، کە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، هەموو کات ئامادە و دەست لەسەر تفەنگن بۆ بەرگری کردن لە نیشتیمانی کوردستان.