بەرهەم ساڵح: پشتیوانی هەر هەوڵێک دەکەم پارە بەتاڵانبراوەكانی بگەڕێنێتەوە
دەنگ نیوز
نووسینگەی راگەیاندنی د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢١/٦/٢ لە كۆشكی سەلام لە بەغدا كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانی لەگەڵ هەریەك لە حەسەن کەعبی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆک و جێگری سەرۆکی لیژنەکانی دەستپاکی و یاسای و دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆكی دەزگای داواكاری گشتی و سەرۆكی دەستەی دەستپاكی و سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی ئەنجامدا.
لەمیانی كۆبوونەوەكەدا بە تێروتەسەلی باس لە پرۆژەیاسای گێرانەوەی پارە بەتاڵانبراوەكانی گەندەڵی كرا کە لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران کراوە، و جەختیشکرایەوە لەگرنگی و پەسەندكردنی پرۆژەیاساكە بەو پێیەی پرۆژەیاساكە تەواوكەری یاساكانی دیكەی تایبەت بە بەگژاچوونەوەی گەندەڵییە و پشتیوانی گەورەش دەکات لە هەوڵ و كۆششە نیشتمانییەکان کە لەوبارەوە لەئارادان، ھەروەھا ئاماژەکرا بە رۆڵی گرنگی دەزگای یاسادانان لەو بارەیەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆك بەرهەم ئاماژەی بە مەترسی و كاریگەرییە خراپەکانی دیاردەی گەندەڵی كرد بۆ سەر پڕۆسەی پەرەپێدان و كایەی ئابووری و كۆمەڵایەتی و دۆخی گشتی وڵات، بۆیە رایگەیاند پێویستە هەڵوێستەیەكی جددی لەو بارەوە بکەین و گشت دامەزراوە فەرمییەكانی دەوڵەتیش تیایدا بەشداربن و بە هەموولایەك پەتای مەترسیداری گەندەڵی سنووردار بكەین، چونكە بەردەوامی ئەو دیاردەیە هەڕەشەیەكی جددیە بۆ سەر ئێستا و ئایندەی وڵات و بونیادنانەوە و ئابووری وڵات پەکدەخات.
هەر لەو چوراچێوەیەدا سەرۆك بەرهەم ئاماژەی بەوە كرد كە پرۆژەیاساكە هەنگاوێكی گرنگە بە ئاڕاستەی تەواوکردنی هەوڵ و كۆششەكانی دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی دیكەی دەوڵەت كە تایبەتن بە بەگژاچوونەوەی گەندەڵی و گێڕانەوەی پارە بەتاڵانبراوەكان، ئەمە جگە لەوەی پرۆژەیاساكە گرتنەبەری رێوشوێنی پێشوەختەی لەخۆ گرتووە بۆ رێگریكردن لە گەندەڵی و دواتریش گرتنەبەری رێوشوێنی دیكەی بەدوادا دێت بۆ گێرانەوەی پارە بەتاڵانبراوەكانی گەندەڵی و داهاتەكانی، سەرباری ئەوەش پڕۆژەكە سودی لە ئەزموونە نێودەوڵەتییە سەركەوتووەكانی تایبەت بە بەگژاچوونەوەی گەندەڵی وەرگرتووە.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەرۆك کۆمار ئاماژەی بە رۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران و لیژنەکانی پەرلەمان پەیوەندیدار بە گەندەڵی كرد و داواشیكردن پرۆژەیاساكە بە تێروتەسەلی تاوتوێ بكەن و بە سەرنج و تێبینییەكانیان دەوڵەمەندتری بكەن و بە مەبەستی پەسەندكردنی پرۆژەکە هاوكار و هەماهەنگ بن، هاوكات سەرۆك بەرهەم دووپاتیكردەوە كە زۆر گرنگە پڕۆسەی چاكسازی بنەڕەتی بەردەوامی ھەبێت و ھیچ خەمساردی و بێباكییەک بەرامبەر ئەو ئەركە نیشتمانییەدا نەبێت، بەو ئامانجەی بتوانین پایەكانی دەوڵەتێكی تواناداری خاوەن سەروەری تۆكمەتر بێتە ئاراوە کە خزمەتكاری خەڵک بێت.
لەلای خۆیەوە حەسەن کەعبی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران پشتیوانی دەزگای یاسادانانی دووپاتکردەوە بۆ ئەو ھەوڵانەی لە ئارادان بۆ بەگژاچوونەوەی گەندەڵی، ھەروەھا پشتیوانی ئەو پرۆژەیاسا تایبەتانەی کرد کە سەبارەت بە ریشەکێشکردنی گەندەڵی پێشکەش دەکرێن، بۆ بەگژاچوونەوەی گەندەڵی و کەمکردنەوەی لێکەوتەکان و لێپێچینەوە لەو کەسانەی بەرپرس و کەمتەرخەمن لەوبارەیەوە، لەرێگەی لیژنە تایبەتەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، ھاوکات ھەوڵەکانی سەرۆکایەتی کۆماری بەرزنرخاند سەبارەت بە پێشکەشکردنی پرۆژەیاسای گێڕانەوەی پارە بەتاڵانبراوەكانی گەندەڵی.
لە کۆتایدا سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکانی دەستپاکی و یاسای و دارایی ئەنجومەنی نوێنەران روونکردنەوەیان پێشکەشکرد لەبارەی رۆڵی پەرلەمان بۆ بەگژاچوونەوەی گەندەڵی و کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی، لە رێگەی دانانی یاسای پێویست بۆ ریشەکێشکردنی ئەو دیاردەیە و چاودێریکردنی بەرپرسانی دەوڵەت.