سبەی لە جزیرێ کۆبوونەوەی جەماوەری بۆ بەفەرمی ناساندنی زمانی كوردی بەڕێوەدەچێت
دەنگی نیوز
بڕیارە سبەی پێنجشەممە 2ی حوزەیرانی 2021، لە شارۆچکەی جزیرێ لە شرناخی باکووری کوردستان بە پاڵپشتیی نۆ پارتی کوردی لە باکوور و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و چالاکوانان، کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی بەڕێوەدەچێت بۆ پاڵپشتیكردن لە هەڵمەتی بەفەرمیكردنی زمانی كوردی و ناساندن و خوێندن بەزمانی كورد لە قوتابخانەكاندا.
هەروەها بڕیارە رۆژی 4ی حوزەیران لە پارێزگای وان و رۆژی 7ی حوزەیرانیش لە پارێزگای ئامەد کۆبوونەوەی جەماوەریی بۆ هەمان مەبەست بەڕێوەبچێت.
بۆ ئەم مەبەستە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی حوزەیران، تۆڕی زمان و کولتووری کوردی، لە پارێزگای ئامەد لەگەڵ نوێنەرانی پارتە کوردەکانی باکوور و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی بۆ ئامادەکاریکردن و دابەشکردنی ئەرکەکان بۆ کۆبوونەوە جەماوەرییەکان، لە ئامەدی باکووری کوردستان کۆبوونەوە و گفتوگۆیان کرد.
رۆژی 22ی شوباتی ئەمساڵ هەڵمەتی بەفەرمی ناساندنی زمانی كوردی و خوێندن بە زمانی كوردی لە باكووری كوردستان بەڕێوەچوو. قۆناخی یەکەمی هەڵمەتەكە بە كۆكردنەوەی واژۆ دەستیپێكرد. دواتر لەگەڵ سیمینار و خولی هۆشیاریکردن بەڕێوەچوو. قۆناخی سێیەمیش ئەنجامدانی کۆبوونەوەی جەماوەریی دەبێت.