زانایانی ئەمریکی بەدوای سەرچاوەی نوێی گۆڕدراوی کۆرۆنا دەگەڕێن
دەنگ نیوز
لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتیی کە لەلایەن زانایانەوە بەڕێوەدەبرێت، ئاشکرایدەکات زۆرینەی ئەو ناوچانەی کە رەنگە ببنە ناوەندی جۆری گریمانەکراوی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە وڵاتی چینن.
لەو لێکۆڵینەوەیەدا کە بە ھاریکاریی زانایان لە ھەریەک لە زانکۆی بێرکڵی کالیفۆرنیا، زانکۆی پۆڵیتەکنیکی میلان و زانکۆی ماسی نیوزیلاند ئەنجامدراوە، رووبەرەکانی ژیانی جۆرە شەمشەمەکوێرەیەک کە ناوی Rhinolophidaeیە ھەر لە خۆرئاوای ئەورووپاوە تا باشووری خۆرھەڵاتی ئاسیا، لێی کۆڵراوەتەوە.
ھەروەھا لە لێکۆڵینەوەکەدا تیشکخراوەتە سەر ئەو ناوچانەش کە زۆرترین بەرکەوتن لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا ھەیە و ئەو جێیانەی کە بەرھەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵ بەخێودەکەن.
لێکۆڵەران لە یەکتربڕینی ناوچەکانی ژیانی سرووشتی شەمشەمەکوێرەکان و ئەو ناوچانەی دواتر کە باسکراون، کۆڵییەوە و ئەو ناوچانەیان دەستنیشانکرد کە رەنگە ببنە ناوەندی نەخۆشییە گریمانەکراوەکان لەنێویاندا ئەو نەخۆشییانەی کە بۆ زیندەوەرانی دیکە دەگوازرێنەوە و لەسەروویانەوە بۆ مرۆڤ.
ھەروەھا لێکۆڵەران گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە زۆرینەی ناوەندە گریمانەکراوەکانی جۆرە نوێیەکانی کۆرۆنا لە چین و جەختیان لەوەش کردووەتەوە کە لە ژاپۆن و باکووری فلیپین ھەندێک ناوچە مەترسییان لەسەرە.