داوا لە عێراق دەکرێت چارەنووسی سەدان بێسەروشوێن ئاشکرا بکات
دەنگ نیوز
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە حکومەتی عێراق کرد چارەنووسی ٦٤٣ پیاو و منداڵ ئاشکرا بکات کە لە ساڵی ٢٠١٦ دا ڕفێنراون.
ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتێکیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣ ی حوزەیرانی ٢٠٢١ بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە ” ئەو ٦٤٣ پیاو و منداڵە لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکی حەشدی شەعبی لە شاری فەلوجە بۆ وەرگرتنەوەی کۆنتڕۆڵی ئەو شارە لە دەست داعش دیارنەماون”.
لە ڕاپۆرتەکەی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا هاتووە، ” لە ڕۆژی ٣ ی حوزەیرانی ٢٠١٦ دا ئەوکاتەی خەڵکێکی زۆر لە شاری فەلوجە هەڵدەهاتن کۆمەڵێک پیاوی چەکدار کە جلوبەرگی حەشدی شەعبیان پۆشیوە نزیکەی هەزارو ٣٠٠ پیاو و لاویان لەگەڵ خۆیان بردووە”.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ” لە شەوی ئەو ڕووداوەدا ٦٤٣ کەس لە دەستگیرکراوەکان بۆ شوێنێکی نادیار براون و تا ئێستاش کە پێنج ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە چارەنوسیان نادیارە، ئەوانەشی ئازاد کراون ئاماژەیان بەوە کردووە کە سزا و ئەشکەنجەی زۆریان بینیوە”.