پلاسخارت: هەڵبژاردنی پێشوەختە پێویستی بە سەقامگیری ئەمنیی هەیە

دەنگ نیوز

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق جەختی لەوە کردەوە کە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی داهاتوو ئەنجام بدرێت، “پێویستی بە سەقامگیری ئەمنیی هەیە”.

ئەم گوتەی جینین ھێنیس پلاسخارت، دوای ئەوە دێت کە لەماوەی رابردوودا ئاڵۆزی ئەمنیی لەنێوان سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی و ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارییەکانی حەشدی شەعبی و نزیک لە ئێران لە بەغداد روویدا.

لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ عەبدولغەنی ئەسەدی، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، جینین ھێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق رایگەیاند، “هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق پێویستی بە سەقامگیری ئەمنیی هەیە”.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پلاسخارت راشیگەیاندووە کە بڕیارێک لە ئەنجوومەنی ئاسایش هەیە بۆ چاودێرێکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە و جەختی لەوەشکردووەتەوە کە پێویستە هەموولایەک کاربکەن لەپێناو سەرکەوتنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە.

ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پیشوەختە یەکێک بوو لە داواکارییە سەرەکییەکانی خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ کە لە بەغدادی پایتەخت و شارەکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەڕێوەچوو و بەهۆیەوە حکوومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا.

لە ٢٧ی ئایاری رابردوودا، گرووپە چەکدارییەکانی نێو حەشدی شەعبی دوای دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی حەشد، گەمارۆی چەند شوێنێکی ناوچەی سەوزیان دا لەوانە ماڵی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی و باڵەخانەی ئەمیندارییەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران.

گرووپە چەکدارییەکان دەسەڵاتییان ناچارکرد کە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار، قاسم موسڵح ئازاد بکات کە بەتۆمەتی تیرۆر دەستگیرکرابوو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *