7 ملیۆن دۆلار خەڵات بۆ کوشتنی سەرکردەیەكی قاعیدە
دەنگ نیوز
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا حەوت ملیۆن دۆلار وەك خەڵات دەبەخشێتە هەر كەسێك و گرووپێك زانیاری سەبارەت بەشوێنی ئەبو عوبەیدە یوسف عەنابی ناسراو بە یەزید موبارەک ئەمیری نوێی قاعیدە لە مەغریبی ئیسلامی ئاشکرا بکات.
لە مانگی تشرینی دووەمی 2020، یەزید موبارەك بووە ئەمیری نوێی رێکخراوی قاعیدە لە ناوچەی مەغریب و شوێنی عەبدولمالیک دروکدالی گرتەوە، کە لە حوزەیرانی هەمان ساڵ لە باکووری مالی بە دەستی هێزەکانی فەرەنسا کوژرا.
بەگوێرەی ئەو راگەیەنراوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویكردەوە دەڵێت “هانی هەر کەسێک دەدەین زانیاریمان پێ بدات لەسەر ئەبو عوبەیدە یوسف عەنابی، لەڕێگەی نامەوە بێت یان سیگنال و تەلەگرام و وەتس ئەپ. زانیاریی و پەیوەندییەكانیش تەواو بەنهێنی دەمێنێتەوە”.
ئەبو عوبەیدە یوسف عەنابی، پێشتر سەرۆکی ئەنجوومەنی شورای قاعیدە بووە، لە مەغریبیش بەرپرسی راگەیاندنی رێکخراوەکە بووە. لە ساڵی 2015ـەوە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە و لە ساڵی 2016ـەشەوە لە لیستی سزای ئەو وڵاتەدایە.