بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر خێزانی چەکدارانی پێشووی داعش رادەستی هۆڵەندا دەکاتەوە

دەنگ نیوز

بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایانگەیاند، ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعش کە خەڵکی هۆڵەندان رادەستی نوێنەرانی هۆڵەندا دەکاتەوە بۆ ئەوەی بیانبەنەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان.

بە گوێرەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر، شەممە کاژێر 11:00ی پێش نیوەڕۆ بەکاتی هەولێر، لە بارەگەی فەرمانگەکە لە قامشلۆ ئەو ئەندام خێزانانەی چەکدارانی پێشووی داعش رادەستی بەرپرسە هۆڵەندییەکان دەکرێنەوە.

بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر وردەکاریی زیاتریان نەخستووەتەڕوو، بەڵام عەبدولکەریم عومەر، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەڵێت، ئەوانەی کە رادەستدەکرێنەوە هیچ چەکدارێکی داعشیان لە نێودا نییە.

رۆژی 30ی نیسانی 2021، 24 ژن و 68 منداڵی چەکدارانی پێشووی داعش کە خەڵکی ئۆزبەکستان بوون، لە رێوڕەسمێکدا بەئامادەبوونی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە رادەست کرانەوە.

لەو کاتەوەی باغۆز وەک دوایین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی داعش لە بەری رۆژهەڵاتی فورات لە لایەن هەسەدەوە کۆنتڕۆڵکراوەتەوە، بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەردەوام داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعش لە کەمپەکان بگوازنەوە بۆ وڵاتەکانیان، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا ژمارەیەکی کەمیان گوێزراونەتەوە کە بەشی هەرە زۆریان منداڵن.

ساڵی 2019ـش، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دوو منداڵی بێسەرپەرشتی هۆڵەندیی رادەستی هۆڵەندا کردەوە. حوزەیرانی 2020، دادگەی باڵای هۆڵەندا لە بڕیارێکدا رەتیکردەوە ژنە داعشەکانی کەمپی هۆل و منداڵەکانیان بگەڕێنێتەوە و رایگەیاند، ئەوە ئەرکی حکومەت نییە لە سووریا بیانگەڕێنێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *