ھەپەگە ھۆشداری شەڕی ناوخۆیی دەدات
دەنگ نیوز
هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ئاشکرایکرد، هێزەکانی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دەستیان بە جموجوڵ بەرەو ناوچەکانی گەریلا کردووە لە ناوچەکانی مەتین و لەو چوارچێوەیەدا هێرشیان کردووەتە سەر کامپەکانی گەریلا. لە بەرامبەردا هێزەکانی هەپەگە و یەژاستار بۆ ئەوەى ئەو هێزانە زیاتر بەرەو پێش نەڕۆن گولـلەى هۆشیارکردنەوەیان تەقاند.
وەزارەتی پێشمەرگەش لە راگەیەنراوێکدا شەهیدبوونی 5 پێشمەرگە و برینداربوونی 4 پێشمەرگەی دیکەی راگەیاند.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی پێشمەرگەوە رایگەیاندووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١، هێزێکی پێشمەرگە لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی سەربازی لەچیای مەتینی قەزای ئامێدی، بەمەبەستی پاراستنی خەڵک و گوندەکانی ئەم ناوچەیە و گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ دەڤەرەکە، لەلایەن هێزێکی (پ ک ک)ەوە بۆسەیەکیان بۆ دانراوە، لە ئەنجامدا 5 پێشمەرگە شەهید بوون 4 پێشمەرگەی تریش برینداربوون.
وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت، پێشتریش هۆشداریمان دابوو، لەئەگەری روودانی رووداوی لەو شێوەیە، دەبێ هەمووان رێز لەسنووری هەرێم بگرن و ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان نەخەنە مەترسیەوە.
بەڵام هەپەگە دەڵێت، هێزێك هەوڵ دەدات، پێشڕەوی بكاتە ناوچەی مەتین كە ناوچەی گەریلاكانە. ئێمە بەرخودان دەكەین لە دژی دەوڵەتی تورك كە بەنیازی داگیركردنی كوردستانە. داوا لەو هێزانە دەكەین كە هاتوونەتە ناوچەكە، لە پشتەوە خەنجەرمان لێنەدەن. خوێنی برا نەڕێژن. ئەمە بانگەشەی ئێمەیە بۆ تەواوی هێز و گەلەكەمان.