جەهەپە لیژنەیەکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا پێکھێنا

دەنگ نیوز

پارتی گەلی کۆماری تورکیا، ڕایگەیاند، لیژنەیەکی تایبەتی پێکهێناوە بەناوی (دیسکی باشور و باشووری رۆژهەڵاتی وڵات) بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ناوچەکە و لەسەرو هەمووشیانەوە کێشەی کورد.

پارتی گەلی کۆمار لە تورکیا (جەهەپە)، یەکەم پارتی سیاسیی تورکیایە و لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرێنەری کۆماری تورکیا دامەزراوەو گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە تورکیا و هاوکات بەدامەزراندنی هاوپەیمانێتییەکی هەڵبژاردن بەناوی “هاوپەیمانی میللەت” رکابەرییەکی بەهێزی هاوپەیمانێتی “جمهوور”ە کە لە ئاکپارتی و مەهەپە پێکدێت بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی تورکیا کە بڕیارە لە حوزەیرانی 2023 بەڕێوەبچێت.

چاودێرانی سیاسی دۆخی تورکیا باس لەوە دەکەن، ئەو هەنگاوەی پارتی کۆماری گەل، پروپاگەندەیەکی هەڵبژاردنەو هیچ تر، کە ئامانج لێی ڕاکێشانی هەست و سۆزی گەلی کوردە لە باکوری کوردستان.

بە گوێرەی هەواڵ  دیسکی باشور و ڕۆژهەلاتی تورکیا، لە لایەن ئۆغوز کائان ساڵیجی جێگری سەرۆکی حزبەکە بۆ کاروباری رێکخستنەکان، سەرۆکایەتی دەکات، کە پێکهاتووە لە لیژنەی تایبەتمەندی جیاجیا و رەوانەی ناوچەکانی باکوری کوردستان دەکرێت، بە مەبەستی کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ کەسایەتییە کۆمەڵایەتییە دیارەکان و سەرۆکی هۆزەکانی و ڕابەرانی ناوخۆیی ناوچەکە، بە مەبەستی شیکردنەوەی ئەو هەنگاوە نوێیە و پرۆگرامی داهاتووی حزبەکە.

سکای نیوزی عەرەبی بڵاویکردەوە، ساڵیجی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە چەند دیدارێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، حزبەکەی دان دەنێت بە بوونی کێشەی کوردا لە تورکیاو پێشی وایە گەورەترین کێشەی هەڵپەسێردراوی تورکیایە، کە بە تەنها پەیوەندیی بە کوردەوە نیییە، بەڵکو پەیوەندیی بە تەواوی تورکیاوە هەیە.

ئاماژەی بەوەشکردبوو، کە حزبەکەی بە تەواوی جیاکاری دەکات لە نیوان ئەگەری چارەسەرکردنی کێشەی کورد و ئەوەی ئەو بە تیرۆر ناویبردووە بە (ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر) وەک ئاماژەیەک بۆ پارتی کرێکاری کوردستان پەکەکە، کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە تێکۆشانی چەکداری لە دژی هەژموونی دەوڵەتی تورکیان دەستپێکردووە.

کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی گشتیی جەهەپە لە 37مین کۆنگرەی ئاسایی حزبەکەی کە لە تەممووزی 2020 بەڕێوەچوو رایگەیاندبوو، کێشەی کورد لە پەرلەمان چارەسەر دەکەین.

ئەو هەڵوێستەی پارتی کۆماری گەلی تورکیا لە کاتێکدایە، لایەنگرانی پارتەکە لە ناوچەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا زۆر لاوازە، تەنها ٨ پەرلەمانتاری هەیە لە کۆی ٢٤ ویلایەتی جیاجیای باکوری کوردستان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *