یونادم کەنا: پـێویستە لە دەستووری هەرێم “ئەی ڕەقیب” سروودی نیشتمانی نەبێت
دەنگ نیوز
یونادم یوسف کەنا سکرتێری گشتی بزوتنەوەی دیموکراتی ئاشوری و هەروەها سەرۆکی لیستی ڕافیدەین لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت سروودی ئەی ڕەقیب نیمچە توندڕەویـیەکی نەتەوەیی تێدایە و پاشان ئیسلامیـیەکانیش دەڵێن “ئیلحادی” تێدایە، بۆیە دەبێت هەرێمی کوردستان سروودێکی دیکەی نیشتمانی هەبێت کە ڕەنگدانەوەی هەموو پـێکهاتەکانی هەرێم بێت، دەشڵێت” ئێمە دەوڵەتی مەدەنیمان دەوێت تەنانەت نە پارتی و نە یەکێتی و نەگۆڕان هیچیان نایانەوێت دەوڵەتی دینی دروست بکەن لە هەرێمی کوردستان.
یونادم یوسف کەنا ئەوەشی وت” بێجگە لە هەندێک مەسەلە هەن بۆنموونە لەگەڵ ڕێزم بۆ سروودی هەرێمی کوردستان لەوانەبێت برادەرانی ئیسلامیەکانیش پێی ڕازی نەبن چونکە بەڕای ئەوان کوفر دەکات بڕگەی “دینمان ئاینمان هەر کوردستان” واتە سرودی نیشتیمانی دەمارگیرییەکی نەتەوەیی تێدایە و ئیلحاد- بێباوەڕی تێدایە ئیسلامیەکان وادەزانن، من دەڵێم هەندێک دەقی تێدایە کە من پێم قبوڵ نییە دەڵێت “ئێمە ڕۆڵەی کەیخوسرەوین” کەیخوسرەوی فارس بوو، کورد نەبووە لەبەرئەوە دەبێت سروودێک بێت کە بگونجێت لەگەڵ هەموومان ڕەنگدانەوەی هەموو ئەو پێکهاتانەی هەرێمی کوردستان بێت هەروەها ئاڵای کوردستان دەبێت ئاڵایەک بێت بۆ هەموومان پێکەوە بێت.”
یونادم یوسف کەنا باسی لەوەشکرد پێویستە ئاڵای ئێستای هەرێمی کوردستان بگۆڕێت، لەو ڕوەوە دەڵێت” جگە لە ئاڵا لەوانەیە ئاڵای کۆماری مەهاباد بێت بەڵام بەڕای من ئەوەش دەبێت باسبکرێت واتە ئاڵایەکی تایبەتی بە هەرێمی کوردستان هەبێت جگە لە ئاڵای نیشتیمانی بەڵام بۆ هەرێم ئیدارەیەکی تایبەتی بۆ ئەم میللەتانە دەبێت چۆن ئێمەی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەموو حیزبەکانی کوردستانیش وتیان ئاڵای عێراق ئاڵای (سەدام حسێن)ە و قبوڵی ناکەین هەتا ئەو ئاڵایە گۆڕا ئینجا هەرێمی کوردستان وەکو ئاڵا قبوڵی کرد کە بۆچوونی هەرێمیشی تێدابوو ئێستاش دەبێت ئاڵای کوردستان ئاڵایەکی وابێت دەربڕی هەموو پێکهاتەکانی بێت، لە هەرێمی کوردستان چ ئاڵا بێت چ سروودی نیشتیمانی بێت دەبێت دەربڕی پێکەوەژیانی خەڵکی هەرێم بێت و دەربڕی ئەو هەموو ئەو پێکهاتانە بێت ئینجا بەزۆری ئەمانە هەر نەتەوەیین، نەتەوەی کوردین ڕیزمان هەیە بۆ نەتەوەی کوردی بمێنێتەوە بەڵام دەبێت وابکرێت کە دەربڕی هەموومان بێت.”