وەزارەتی پێشمەرگە دووەم راگەیەنراوی بڵاوکردەوە

دەنگ نیوز

لە ئەنجامی پەلامارەکەی ئەمڕۆ ٥ی حوزەیرانی ۲۰۲۱ لە چیای مەتین ـ سنوری قەزای ئامێدی، کاروانێکی هێزی پێشمەرگە، لەلایەن هێزێکی پ.ک.ک وە دەستدرێژیەکی بێ پاساویان کرایە سەرو لەئەنجامدا پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و  حەوت پێشمەرگەی تریش برینداربوون.

لەم هێرشەدا هێزەکانی پەکەکە چەکی سووک و قورسیان بەکارهێناوه، لەکاتێکدا چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو سنورە بەئامانجی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەبووە، وەک هەر ناوچەیەکی تری سنووری هەرێمی کوردستان، هێزی پێشمەرگە بە مافی خۆی دەزانێت، جوڵە و سەنگەرسازی پێویست بکات.

لێرەوە داوادەکەین، حکومەتی عێراق بەخێرایی بێتە سەر خەت و رێگە لە لەشکرکێشی و پەلامارە بەردەوامەکانی تورکیا بگیرێت. هەروەک داواش لە هێزەکانی پەکەکە دەکەین، رێز لە سنوور و سەروەری خاکی کوردستان بگرێت و شەڕ لەماڵی کورد و هەرێمی کوردستان دووربخاتەوە.

ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگە، سەرکۆنەی توندی ئەم پەلامارە دەکەین و هۆشداریش دەدەین، کە دۆخی هەستیاری هەرێمی کوردستان، رەوشی لەوجۆرە ناخوازێت و دەبێ دەستدرێژیەکانی پەکەکە و هەموو پەلامارو دەستدرێژیەک بۆ سەر هەرێم و هێزی پێشمەرگە رابگیرێت، کە ئەرکی سەرەکی پێشمەرگە لەئێستادا پاراستنی خاکی هەرێم و تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعشە.

پرسەو سەرەخۆشی لە خۆمان و  خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی ئەم پەلامارە دەکەین و شیفای خێراش بۆ برینداران دەخوازین.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

٥ی حوزەیرانی ۲۰۲۱

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *