لۆف: مانشافت کێشەی زۆری ھەیە
یواکیم لۆفی راھێنەری ھەڵبژاردەی ئەڵمانیا پێی وایە یەکسانبوونەکەی بەرامبەر بە دانیمارک شکست نییە و ئاماژەی بەوەشدا ھەڵبژاردەکەی کێشەی ھەیە.
لۆف دوای یارییەکە وتی: بۆ ماوەیەکی زۆر بەشێوەی کۆمەڵ بە باشی بەرگریمان کرد کە پێم وایە لەو رووەوە باشتر بووین لە یارییەکانی پێشووتر.
وتیشی: لەلایەکی ترەوە ژمارەیەکی زۆری ھەلی گۆڵمان رەخساند بەتایبەت لە گێمی دووەم، بەڵام خۆمان ئەرکی خۆمان قورس کرد ئەویش بەھۆی ئەوەی گۆڵی دووەممان نەکرد.
سەبارەت بە یەکسانبوونەکەش لۆف وتی: سەرەڕای ھەموو شتێک ئەم یەکسانبوونە شکست نییە و دەکرێت باشتر بین، پێویستە بۆ یاری داھاتوو چەند لایەنێک لە بەرگری و ھێرشبردن باشتر بکەین.
لۆف ئاماژەی بەوەشدا مانشافت کێشەی ھەیە کە ناتوانێت بۆ ماوەی ٩٠ دەقیقە پارێزگاری لە ئاست و ریتمی یاریکردن بکات بەڵام کاتی پێویستیان لەبەردەمە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری بکەن.
لە کۆتایشدا سەبارەت بە ئاستی ھۆمێڵز و تۆماس مۆلەر وتی: ئەوان پێویستیان بەوەیە زیاتر یاری بکەن بۆ ئەوەی باشترینی خۆیان پێشکەش بکەن، بەڵام لە رووی گونجاندن لەگەڵ ھاوڕێکانیان زۆر باش بوون.