پووتین هیوادارە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بایدن بەرهەمداربێت
دەنگ نیوز
رۆژی 16ـی ئەم مانگە سەرۆکی رووسیا و سەرۆکی ئەمریکا لە شاری جنێڤی سویسرا کۆبوونەوەی لووتکە ئەنجام دەدەن.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، گفتوگۆ لەسەر پرسە جیهانییەکان دەکەن و پێشی وایە بایدن سیاستڤانێکی بە ئەزموونە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێرشی کردە سەر مامەڵەکانی ئەمریکا لەگەڵ رووسیا و ئاماژەی بەوە کرد، بەشی زۆری ئەو سزایانەی ئەمریکا لەسەر رووسیا داینناون، “بێبنەمان.”
پووتین لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووریی سانت پێترسبۆرگدا رایگەیاند، پرسەکانی وەک کۆنترۆڵکردنی چەکی وێرانکەر، پەتای کۆرۆنا، ململانێ جیهانییەکان و گۆڕانی کەشوهەوا لە پرسە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە دەبن.
پووتین دەشڵێت، ئەمریکا بووەتە هۆی دروستبوونی گرژیی و ئاڵۆزیی نێوان هەردوو وڵاتەکە، بۆیە لە کۆبوونەوەکەدا باسی ئەو گرژییانەش دەکرێت.
ڤلادیمیر پووتین پێشبینیی ئەنجامێکی باش لە کۆبوونەکە ناکات، بەڵام هیوای بەوەیە لەگەڵ بایدن بتوانێت چارەسەر بۆ گرژییەکان بدۆزنەوە و بایدنیش بە کەسێکی ئەزمووندار دەزانێت.
راشیگەیاند، بایدن سیاسەتوانێکی زۆر ئەزمووندارە، هەموو ژیانی لە سیاسەتدا بووە و دەشزانێت ئەو پرسانە چین کە من باسیان دەکەم، چونکە خۆی لە چەند کاتی جیاواز و لە پێگەی جیاوازدا کاری لەسەر کردوون، هیوادارام کۆبوونەوەکەمان بەرهەمدار بێت.”