دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە بنکەی عەین ئەسەد خرانە خوارەوە
دەنگ نیوز
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانمان لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق بەردایەوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی حوزەیرانی 2021، رایگەیاند “کاتژمێر 00:30ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سیستمی بەرگریی ئاسمانیی لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار بەرەنگاری دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەوە و توانی بەریان بداتەوە”.
پێشتریش لە 24ی ئایاری 2021 دا بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد؛ کە هێزەکانی سوپای ئەمریکا تێیدا جێگیرکراون بە مووشەک کرایە ئامانج.
ئەوکات عەقید واین مارۆتۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: “بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد ئەمڕۆ بە مووشەک بۆردومان کرا، بەڵام هیچ زیانێکی مرۆیی لێنەکەوتەوە و هەوڵی دیاریکردنی زیانەکانی دیکەش دەکرێت، هەروەها لێکۆڵینەوە بەردەوامە”.