پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنی دژ بە داعش دەستپێکرد

دەنگ نیوز

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی حوزەیرانی 2021، ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە شارۆچکەی زنانە لە سنووری قەزای کفری لە چەند قۆڵێکی جیاوازەوە ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش بۆ سەر رێکخراوی داعش دەستیپێکرد.

ئۆپەراسیۆنەکە بە پاڵپشتیی ھێزە ئاسمانییەکانی ئیتاڵیا بەردەوامە و ناو بە ناو دەنگی فڕۆکە جەنگییەکان بەسەر ئاسمانی ناوچەکە دەبیسترێت.

لە ئۆپەراسیۆنەکە لیوای کۆماندۆ و لیوای 144ـی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان بەشدارن. لیوای 52ـی عێراقی و دژە تیرۆر لە قۆڵی سلێمانبەگەوە بۆ پەلکانە درێژەیان بە ئۆپەراسیۆنەکە داوە.

ھێزەکانی پێشمەرگە لەکاتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەکەدا، توونێلێکیان دۆزییەوە کە پێش دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە چۆڵ کرابوو.

جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، “لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی ئاسمانی و وشکانی لەنێوان هێزە تایبەتەکانی لیوای کۆماندۆی سەر بە فەرماندەیی هێزەکانی حەفتا لەژێر سەرپەرشتیی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هێزەکانی دژەتیرۆری عێراقی، بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانانی دژ بە داعش لە عێراق، هێرش کرایە سەر بنکە شاراوەکانی تیرۆریستانی داعش لە گوندی پەلکانە و قۆریچایی سەر بەقەزای دووبز لە پارێزگای کەرکوک.”

لە راگەیەنراوەکەی جەعفەر شێخ مستەفا، “لە ئۆپەراسیۆنەکەدا گورزێکی کوشندە بەر تیرۆریستانی داعش کەوت کە کوژرانی چەند تیرۆریستێکی لێکەوتەوە و سێ ئۆتۆمبێل کرانە ئامانج و سووتێنران، ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوامی هەیە بۆ پاککردنەوە و نەمانی داعش لە ناوچەکە دا.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *