لە کەرکووک کۆنگرەی “پێکەوەژیان” بەڕێوەدەچێت
دەنگ نیوز
بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکانی پارێزگاکە، بەهێزکردنی بنەماکانی پێکەوەژیان و هاندانی وەبەرهێنان، بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە کۆنگرەی “پێکەوەژیانی ئاشتیانە” بەبەشداری سەرجەم پێکهاتەکان لەپارێزگای کەرکوک بەڕێوەبچێت، پەرلەمانی عێراقیش رەشنوسێک ئامادە دەکات بەمەبەستی پەسەندکردنی پارێزگای کەرکوک وەک پایتەختی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی عێراق.
عەبدولباری مەجید، جێگری سەرۆکی لیژنەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەسەر بڕیاری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و بەئامانجی ئامادەکاری بۆ کۆنگرەیەکی تایبەت بە پێکەوەژیانی ئاشتیانە بۆ پێکهاتەکانی پارێزگاکە، ئەمڕۆ سەردانی کەرکوکیان کردوە و لەگەڵ پارێزگار و سەرجەم لایەن و پێکهاتەکانیش کۆدەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەکەیان خواستی ئەوەی هەیە سەرجەم لایەنە رەسەن و سەرەکییەکان بەشداری بکەن لەو کۆنگرەیە کەچاوەڕێ دەکرێت لەکۆتایی ئەم مانگەدا بەبەشداری محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، لەکۆبونەوەی ئەمڕۆشیاندا لەگەڵ راکان جبوری پارێزگاری کەرکوک ئەو پڕۆژەیەیان تاوتوێ کردوە و ئیدارەی پارێزگاکەش پێشوازی لەو هەوڵە دەکات.