هەوڵەکان بۆ داخستنی هەدەپە بەردەوامن
دەنگ نیوز
بۆ جاری سێیەم سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی لە ئەنقەرە دۆسیەی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) پێشکەشی دادگای دەستووری ئەم وڵاتە کرد، دوای ئەوەی دادگاکە، دووجار داواکەی رەتکردبووەوە.
ئەمجارەیان، داواکاری گشتیی کۆماریی لە ئەنقەرە، داوای دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە داراییەکانی (هەدەپە) دەکات، بەتایبەتی سامانەکانیان لە بانک و راگرتنی شایستە داراییەکان کە لەلایەن دەوڵەتەوە پێیان دەدرێت.
پارتی دیموکراتی گەلان – هەدەپە سێیەمین گەورە فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیایە و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا کە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، 11.7%ی دەنگەکانی بردەوە و لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمان، 67 کورسیی بەدەستهێنا. بەڵام متمانە لە سێ پەرلەمانتاری وەرگیرایەوە و ژمارەیەک پەرلەمانتاریش لە فراکسیۆنەکە دەرچوون. ئێستا خاوەن ٥٧ کورسییە.
لە پێنج ساڵی رابردوودا، لە باکووری کوردستان و تورکیادا 16 هەزار 490 ئەندام و پەرلەمانتار و هاوسەرۆکی هەدەپە دەستبەسەرکران، لەو ژمارەیە 3 و 695 کەسیان بەندکران. هەروەها قەییوم لەسەر نزیکەی 90٪ی شارەوانییەکانی هەدەپە دانراوە.