وەزارەتی کشتوکاڵ ھاوردەکردنی پەلەوەری قەدەغە کرد

دەنگ نیوز

بە مەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەند جۆرە ڤایرۆسێک کە پەلەوەرەکانی گرتووەتەوە، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان ھاوردەکردنی مریشک و جۆرەکانی دیکەی پەلەوەری قەدەغە کرد.

حوسێن حەمەکەریم گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان، روونکردنەوەیدا بەوەی دوای بڵاوبوونەوەی ھەر جۆرە ڤایرۆسێک لە پەلەوەر لە ھەر شوێنێک بێت، بەمەبەستی رێگرییکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، پێویستە ھاوردەکردنی پەلەوەر و بەرھەمەکانی قەدەغە بکرێت، بۆیەش دوای ئەوەی لە چەند پارێزگایەکی عێراق جۆرێک ڤایرۆس لە مریشک و پەلەوەر دەرکەوت، ھاوردەکردنی مریشک و پەلەوەرمان قەدەغە کرد تا ئەو کاتەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە رادەگەیەنێت.

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ راشیگەیاند، دەبێت وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق پشکنینی بۆ بکات و بزانێت چ جۆرە ڤایرۆسێکە، ھاوکات لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتیی تەندروستی ئاژەڵ (OIE) لە پەیوەندیداین و چاودێری دۆخەکە دەکەین.

راشیگەیاند، بۆ ئەم مەبەستە لە ئەمڕۆ یەکشەممە شەشی حوزیرانی ٢٠٢١، ھاوردەکردنی مریشک و ھەموو جۆرە پەلەوەرێک لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە بۆ ھەرێمی کوردستان قەدەغە دەکرێت.

پێشتر ریاز محەمەد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڤێتێرنەری بەسرە، رایگەیاندبوو کە بەھۆی جۆرێک لە ئەنفلۆنزا کە ھێشتا جۆرەکەی دەستنیشان نەکراوە، تەنها لە یەک کێڵگەدا، ٤٥ ھەزار مریشک لەنێوبراون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *