رووباری دیجلە و فورات وشک دەبنەوە
دەنگ نیوز
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی THE NATIONAL، هەریەکە لە تورکیا و ئێران بۆ مەرامی سیاسیی تایبەت بەخۆیانەوە و جێبەجێکردنی ئەجینداکانیان لە عێراق، ئاو وەک کارتی گوشار بەکاردەهێنن. نزیکەی حهوت ملیۆن عێراقیی بەهۆی وشکەساڵیو بەناچاری کۆچکردنەوە زیانیان بەرکەوتووە، ئەمەش وادەکات عێراق ڕوبەڕوی قەیرانێکی گەورەی ئاوبێتەوە، بەوپێیەی ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی سەرەکیی پشت بەئاوی هەردوو ڕوباری دیجلەو فوڕات دەبەستێت”.
جەنگی ئاویی ئەم دوو وڵاتە لە دژی عێراق ئاستی ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلەو فوات بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، پسپۆڕانیش پێشبینیدەکەن، ساڵی 2040 هەردوو ڕووبارەکە بەتەواوەتیی وشک ببن.
لەبەشێکی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، “هەوڵە دیبلۆماسییەکانی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لەدوای ساڵی 2003 شکستیانهێناوە لەوەی چارەسەرێکی سەرکەوتوو بۆ گەرەنتیکردنی پشکی ئاوی ئەو وڵاتە بدۆزنەوەو کارێکی وابکەن کەمکردنی ئاوی ڕوبارەکانی ڕابگرێت، بەوپێیەی زیادەڕەوییەکانی ئێرانو تورکیا بۆسەر پشکی ئاوی عێراق وایکردووە قەبارەی زەوییە کشتوکاڵییەکان کەمببێتەوە”.
پسپۆڕان پێشبینیدەکەن لەساڵی ٢٠٤٠دا کۆتایی بەهەردوو ڕووباری دیجلەو فورات بێت، چونكه بەبیابانبونی لهعێراق بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیكردوه.
باس لەوەشکراوە، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق نیگەرانییەکانی خۆیان بەتورکیا گەیاندووە بەوەی ئەو وڵاتە دەیەوێت ژمارەیەکی تر بەنداوو بەربەستی ئاویی لەسەر ئەو چەمو ڕووبارانە دروستبکات کە دەڕژێنە ڕووباری دیجلەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی لەساڵی 2018 تورکیا دەستی بەپڕکردنی گەورەترین بەنداو لەسەر ڕوباری دیجلە کردوە کە ناسراوە بە”ئەلیسۆ”، ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی کردۆتەسەر ئەو بڕە ئاوەی لەڕوبارەکەوە دەڕژێتە ناو خاکی عێراقەوە.