وەزارەتی پەروەردە رۆژی دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی راگەیاند

دەنگ نیوز

وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند “لە قۆناغى 1 تا 11ى بنەڕەتى ڕۆژى شەممە 19ى حوزەیرانى 2021 کۆتا ڕۆژى خوێندنى ناو پۆل دەبێت. 

وەزارەتەکە (8ى حوزەیرانى 2021) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد “ڕۆژى سیشەممە (22ى حوزەیرانى 2021) یەکەم رۆژى دەستپێکردنى تاقیکردنەوەکانى خولى یەکەمى ساڵە. 

ئالان حەمە سەعید وەزیرى پەروەردە ئەمڕۆ سێشەممە راگەیاند، لە ١٩ ی ٦ بە گوێرەی سیستمی تەناوب کۆتا رۆژی خوێندنی ناو پۆلە بۆ قۆناغی ١ی بنەڕەتی تا ١١ ی ئامادەیی، لە ٢٢ ی ٦ بۆ ئەو قۆناغانە تاقیکردنەوەی خولی یەکەمی کۆتایی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٠-٢٠٢١ ئەنجام دەدرێت، ھاوکات قۆناغی ١٢ی ئامادەیش لە ٥ ی ٦ی ٢٠٢١ وە تاقیکردنەوەی وەرزی دووەم یان دەست پێکردووە و پرۆسەکەش باش بەڕێوە دەچێت.   

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت، کە لەم مانگەدا بەڕێوە دەچێت، پرسی قەرەبووکردنەوەی زانستی و په‌روه‌رده‌یی قوتابیان یان پاڵپشتیکردنیان و بەھێزکردنی ئاستیان، بە تایبەت قۆناغی ١ و ٢و٣ ی بنەڕەتی گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.   

وەزیری پەروەردە رونیشیکردەوە “وەزارەت چەند میکانیزمێکی لەبەردەستە کە لەو کۆبوونەوەیە بڕیاری سه‌ره‌تایی لە میکانیزمی گونجاو دەدرێت و پاشان بۆ دەوڵەمەندکردنیشی گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکان و بەڕێوەبەری سەرپەرشتیاریی پەروەردەیی دەکرێت، پاش دەوڵەمەندکردنی بریاری کۆتایی لەبارەوە دەدرێت بۆ جێبەجێکردن”.   

دەشڵێت، بەرنامەکە گشتگیر دەبێت بۆ ھەموو قۆناغەکانی خوێندن جگە لە قۆناغی ١ ی بنەرەتی ساڵی ئایندە و قۆناغی ١٢ ی ئامادەیی ئێستا (ئەمساڵ)، ئەگەر دۆخی کۆرۆنا رێگریان لێ نەکات، دڵنیایی دەدەیە بەخێوکار و سەرپەرشتیارانی قوتابیان کە نیگەران نەبن لەبارەی خوێندنی لەدەستچوو.     

وەزیرى پەروەردە باسى لەوەکرد، ئەمساڵ زیاتر لە ١٥٠ رۆژی خوێندنی ناوپۆلیان ھەبوە بۆ قۆناغی ١٢ ی ئامادەیی، ھەروەھا ٩٨ رۆژیش بە “سیستمی تەناوب” بۆ قۆناغی ١ی بنەڕەتی تا ١١ ی ئامادەیی خوێندنی ناوپۆل ھەبووە، واتە ٩٨ رۆژ دەرگای قوتابخانەکان کراونەتەوە بە تاقیکردنەوەکانیشەوە کە ساڵانە لە چوارچێوەی ساڵنامەی خوێندن ئەژمار دەکرێن، ئەمە جیا لەوەی خوێندنی ئەلیکترۆنی پشتی پێبەستراوە لە ھەندێک قۆناغدا.    جەختیشدەکاتەوە، سەرەڕای ئەوەش لە بەشێکی زۆری قوتابخانەکانی کوردستان جگە لە خوێندنی سێ رۆژی ناوپۆل، خوێندنی ئەلیکترۆنیش بەردەوامە و رۆژانە لە رێگای گرووپەکانەوە مامۆستایان ئەرکی ماڵەوە و لێپرسینەوە و بەدواداچوونیان بۆ قوتابیان ھەیە.  

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *