لایەنە کوردستانییەکانی كەركووك تێبینیان لەسەر کۆمسیۆن هەیە

دەنگ نیوز

حزب و لایەنە سیاسییە كوردییەكانی كەركوك، گۆڕانكارییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان قبوڵدەكەن، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی تێبینیان هەیە و پشكی كورد لەو كۆمسیۆنە بە “كەم” دەزانن.

ئەو هەڵوێستەی 16 حزب و لایەنی سیاسی كوردی، له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا هات کە رۆژی سێشەممە لە مەڵبەندی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە كەركوك بەڕێوەچوو و هەریەكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و نەوەی نوێ بایكۆتیان كرد، تیایدا وەڵامی نیگەرانییەكانی بەرەی توركمانی و ئەنجومەنی عەرەبییان دایەوە لەبارەی گۆڕانكارییەكان لە پێكهاتەی نوسینگەی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان.

محەمەد عوسمان، لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەیاننامەیەكی بەناوی هەر 16 حزب و لایەنەكە خوێندەوە و جەختیكردەوە “وێڕای تێبینیمان لەسەر گۆڕانكارییەكان و دورخستنەوەی بەڕێوەبەری نوسینگەی كەركوك لە پشكی كورد… بەڵام رێزی تەواو لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و هەموو رێكارە یاسایی و ئیدارییەكان دەگرین لەپێناو هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە عیراقدا”.

عوسمان جەختیشیكردەوە لەوەی پشكی كورد لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەپێی ژمارەی كورسییەكانی نییە و “كەمتر لەسەدا 25ی لێپرسراوی بەش و هۆبەكانی ناو نوسینگەی كەركوك كوردن… دەبوو لە سەروی لەسەدا 50ی لێپرسراوی بەشەكان كوردبن”.

لە كۆی 13ی كورسی پەرلەمانی كەركوك لە پەرلەمانی عیراق، كورد شەش كورسی هەیە، عەرەب و توركمانیش یەكی سێ كورسیی و كریستیانیش كورسییەكی كۆتایان هەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *