عێراق لیژنەی کەمکردنەوەی هەژاری پێکدەهێنێتەوە
دەنگ نیوز
حکومەتی عێراق بڕیاریدا لیژنەی هەمیشەیی بۆ کەمکردنەوەی هەژاری پێکبهێنێتەوە، دوو وەزیری هەرێمیش ئەندامی لیژنەکەن.
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەرکەکانی لیژنەی باڵای کەمکردنەوەی هەژاری ڕەوانەی ئەنجومەنی ئابوری وەزاری کراوە.
ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە، ” پێکهێنانەوەی ئەو لیژنەیە بەپێی فەرمانی ٢٣٧ ی دیوانی ساڵی ٢٠١٥ بووە و بە سەرۆکایەتی وەزیری پلاندانان پێکدەهێنرێتەوە”.
لەو لیژنە هەمیشەییەدا نوێنەرانی وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان و پەروەردە و تەندروستی و کاروباری کۆمەڵایەتی و خوێندنی باڵا و کشتوکاڵی عێراق بوونیان هەیە، هەروەها نوێنەرانی وەزارەتەکانی پلاندانان و کار و کاروباری هەرێم تێیدا ئەندامن”.
هەر بەگوێرەی بڕیاری پێکهێنانەوەی لیژنەی کەمکردنەوەی هەژاری، نوێنەرانی دەستەی نیشتیمانی وەبەرهێنان و کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و جێگری ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران و نوێنەری ئەمیندارییەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران لەخۆدەگرێت”.