تورکیا: لە هەر 100 هەزار کەس 984 کەس لە زیندانن
دەنگ نیوز
تورکیا لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپا زۆرترین ژمارەی گرتن، دەستبەسەرکردن و ئازادکردن بەمەرجی دادی تێدا تۆمار کراوە.
بەگوێرەی راپۆرتی زانکۆی لۆزان لە سویسرا، کە ساڵانە بۆ کۆنسەی ئەوروپا ئامادە دەکرێ، لە 31ی کانوونی دووەمی 2020دا لە هەر 100 هەزار کەس لە تورکیا 984 هەزار کەس یان لە زیندانەکاندا بەندکراون یاخود لە زیندان بەمەرجی دادی ئازاد کراون.
لە نێو وڵاتانی ئەوروپادا سزای زیندانیکردن لە تورکیا لە ئاستێک بەرزدایە و زیندانەکانیشی قەرەباڵەخترینن. ئەمە لە کاتێکدایە ئەو رێژەیە لە تێکڕای ئەورووپا لە هەر 100 هەزار کەس تەنیا 265 کەسە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە لە ساڵانی 2019 و 2020 دا رێژەی ئەو کەسانەی بەمەرجی دادی ئازادکراون 6.1% زیادیکردووە.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەدات، لە وڵاتانی وەک جۆرجیا، لیتوانیا و تورکیا کە رێژەی سزای زیندانیکردن و ئازادکردن بەمەرجی دادی یەکجار زۆرە، ئازادکردن بە مەرجی دادی نەک وەک ئەلتەرناتیڤ بۆ مانەوە لە زیندان، بەڵکو وەک شێوازێکی سزای زیادە بەکاردەهێنرێ.
بە شێوەیەکی گشتیی لە ئەوروپا سەپاندنی سزا بەسەر سزادراودا بەبێ جیاکردنەوەی سزادراوەکە لە کۆمەڵگا، روو لە زیادبوونە. لە شوێنی ئەوەی کەسی سزادراو بخرێتە زیندان، ئازادکردنی سزادراوەکە و جێبەجێکردنی سزاکەی لە رێگەی دانانی کەلەپچەی ئەلیکترۆنی وەک دیاردە رووی لە زیادبوون کردووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە زیاتر لە نیوەی وڵاتانی ئەوروپا، چاودێریکردنی کەسی سزادراو لە رێگەی کەلەپچەی ئەلیکترۆنی، لە خزمەتکردن لە کەرتی گشتیی، جێبەجێکردنی سزای زیندانیکردن لە ماڵەوە، وەرگرتنی چارەسەر، زیندانی نیو کراوە و ئازادکردن بە مەرجی دادی زیادیکردووە.