بانکی ناوەندیی عێراق فرۆشی دۆلاری زیاتر دەکات
دەنگ نیوز
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: “بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی بازاڕ لە دراوە بیانییەکان و جێبەجێکردنی ئامانجی سیاسەتی نەختینە و گەرەنتکردنی سەقامگیرکردنی نرخی دراو، بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاری زیادکردنی فرۆشی دراوە بیانییەکانی دا بۆ بانک و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو و کۆمپانیا نێوەندگیرەکان بۆ فرۆشتنی دراوی بیانی”.
ئەمە لە کاتێدایە ماوەی چەند رۆژێکە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەرزبووەتەوە، بۆ جۆرێک ئێستا 100 دۆلاری ئەمریکی لە سەرووی 150 هەزار دیناری عێراقی مامەڵەی پێوەدەکرێت. لە ماوەی 16 ساڵی رابردوودا ئەوە یەکەمجارە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بگاتە ئەو ئاستە.
ئەم هەنگاوەی بانکی ناوەندیی بەمەبەستی جێگیربوونی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینارە، بۆیە بڕیاری دا دۆلاری زیاتر بخاتە بازاڕەکانەوە.
بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، کە لەمەودوا هەفتانە 300 هەزار دۆلار بۆ پشکی بانکەکان، 2 ملیۆن و 200 هەزار دۆلار بۆ کۆمپانیاکانی دراو لە جۆری (A) و 750 هەزار دۆلار بۆ کۆمپانیاکانی دراو لە جۆری (B) و 70 هەزار دۆلاریش بۆ کۆمپانیاکانی دراو لە جۆری (C) تەرخانبکرێت.
لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوودا، بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاری دا نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی لە 1200 دینارەوە بۆ 1450 دینار بەرزبکاتەوە.