نرخی ئێستای کارەبا بۆ هەر یەکەیەک لە 15 دینارەوە دەستپێدەکات

دەنگ نیوز

بەرپرسانى وەزارەتی کارەبا رایانگەیاندووە، لە سیستمە نوێیەکەی پێدانی کارەبا، نرخى کارەبا گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت. ئێستا بۆ هەر یەکەیەک لە 15 دینارەوە دەستپێدەکات.   بەڕێوەبەرى کۆنتڕۆڵى کارەباى هەرێمیش دەڵێت، ماوەى سێ مانگە بەپێی پێوەرى زیرەک نرخى کارەبا لەسەر هاوڵاتییان هەژمارکراوە و پێوەرە کۆنەکە کۆتایی هاتووە. 

ئومێد ئەحمەد راگەیاندووە “بەشێک لە هاووڵاتییان قەرزارن و قەرزەکانیشیان لەسەر سیستەمە کۆنەکە نەداوە، هەندێ کەس پارەیان داوە هەندێکى دیکەش قەرزارن و ئەتوانن بەقیست رادەستى بکەن”.

لەبارەی پێوەرە نوێیەکەوە، جەختیکردەوە، پێوەرى زیرەکى کارەبا هیچ کێشەیەکى نییە و لە مانگى ئازارى ئەمساڵەوە کەوتووەتەکار. ئامانج لە دانانى پێوەرى زیرەک بۆ هاوبەشانى کارەبا، بە ئامانجى سنوردانان بۆ بەفیڕۆدانى وزە و زیادکردنى کاتەکانى پێدانى کارەباى نیشتیمانى. 

پێوەرەکە بە سیستمێکى تایبەت کاردەکات کە جیاوازە لە سیستمى پێشوو، بڕى کارەباى بەرهەمهێنراو بەیەکسانى بەسەر هاوبەشانى کارەبادا دابەشدەکات و ئەگەر لەو بڕە زیاتر بەکارهێنرا بۆ ماوەى زیاتر لە 45 چركه‌ کارەباى بەکارهێنەر دەکوژندرێتەوە و پاش 150 چركه‌ دووباره‌ ووزه‌ی كاره‌بایه‌كه‌ دەگەرێتەوە . 

هەروەها له‌ ماوەى 30 خوله‌كدا ئه‌گه‌ر چه‌ندین جار وزه‌ی كاره‌با بردرا بە هۆى زۆرى بەکارهێنانەوە و تێكرای كاتی كوژانه‌وه‌كه‌ 45 چركه‌ بوو ئه‌وا پێوه‌ره‌كه‌ ده‌كوژێته‌وه‌ و پاش 150چركه‌ دووباره‌ ووزه‌ی كاره‌با دەگەرێتەوە. ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌ی 30 خوله‌ك 5 جار له‌ دوای یه‌ك وزەى كاره‌با كاره‌با بردرا بە هۆى زۆرى بەکارهێنان، ئه‌وا كاره‌با ده‌كوژێته‌وه‌ پاش 45 خوله‌ك كاره‌با دووباره‌ دەگەرێتەوە.   

بەرپرسانى وەزارەتى کارەبا پێشتر جەختیانکردەوە کە لەگەڵ کۆمپانیاکانى کەرتى تایبەت لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەى دابەشکردن و کۆکردنەوەى پارەى کارەبا بەپێی سیستمە نوێیەکە بدەنە کەرتى تایبەت، بەڵام تا ئێستا ئەو پڕۆسەیە کۆتایی نەهاتووە. 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *