ئەمریکا سێ ملیۆن دۆلار دەبەخشێت بۆ پێدانی زانیاریی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکان

دەنگ نیوز

بەشی “پاداشت لە پێناو دادپەروەری”، کە سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە، لە تویتێکدا دەڵێت: “خەڵکی دڵسۆزی عێراق، تیرۆرستە ترسنۆکەکان هێرشدەکەنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق و دواتر رادەکەن و خۆیان لە نێو خەڵکی سڤیلدا دەشارنەوە. ئەمریکا خەڵاتێکی سێ ملیۆن دۆلاری پێشکێش دەکات لە بەرامبەر پێدانی زانیاری لەبارەی هێرشە پلانبۆدانراوەکان یان هێرشەکانی رابردووی دژی دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا.”

هەژماری عەرەبیی بەشی پاداشت لە پێناو دادپەروەری، ڤیدیۆیێکی لەگەڵ تویتەکەدا هاوپێچ کردووە کە تێیدا ژمارە تەلەفۆنێکی ئەمریکا دەردەکەوێت بۆ ئەوەی خەڵک لە رێگەی واتسئەپ، تەلەگرام و سیگناڵەوە زانیاری بە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بدەن.

راگەیێندراوەکە رۆژێک دوای هێرشەکەی رۆژی چوارشەممەی سەر هێزەکانی ئەمریکا دێت لە نێو فڕۆکەخانەی بەغدا، کە لە رێگەی سێ درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە کرانە ئامانج. دوو کاژێر پێشتریش هێرش کرابووە سەر بنکەی بەلەد.  

لە سەرەتای ئەمساڵەوە، 42 هێرش کراونەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و ئەو بنکە سەربازیانەی کە هێزە ئەمریکییەکانی تێدایە، هەندێجاریش کاروانی ئەو هێزە عێراقیانەش بە ئامانجگیراون, کە یارمەتیی لۆجستی بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانان دەگوازنەوە.

دوایین هێرشیان رۆژی چوارشەممە بوو، کە لە رێگەی سێ درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە کرایە سەر فڕۆکەخانەی بەغدا کە هێزە ئەمریکییەکانی تێدایە، هێرشەکە هیچ زیانی گیانی و ماددی لێنەکەوتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *