سوپای عێراق هەوڵی هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر بنکەی بەلەد پووچەڵکردەوە

دەنگ نیوز

هێزەکانی دەزگای هەواڵگریی و لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵیی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق شکستیان بە هەوڵی هێرشێکی مووشەکیی بۆسەر بنکەی ئاسمانیی بەلەد باشووری پاریزگای سەڵاحەددین هێنا.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بڵاویکردەوە، پشت بەست بە زانیاری وردی هەواڵگریی، هێزەکانی دەزگای هەواڵگریی و لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵیی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە یەکێک لە کێڵگەکانی ناوچەی زەنبوور لە پارێزگای دیالە لە نزیک سنووری پاریزگای سەڵاحەددین دەستیان بەسەر چوار مووشەکی جۆری کاتیۆشا و چوار سەکۆی مووشەکدا گرت.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە مووشەکان بۆ کردنە ئامانجی بنکەی ئاسمانیی بەلەد ئامادەکرابوون. ئاماژە بەوەشدراوە کە مووشەکەکان لەلایەن شارەزایانی پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنییەوە چارەسەرکراون.

رۆژی چوارشەممە ٩ی حوزەیران، هێرشێکی مووشەکیی کرایە سەر بنکەی ئاسمانیی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەددین و سێ مووشەک لە بنکەکە کەوتنەخوارەوە.

بەهۆی بەردەوامی هێرشە مووشەکییەکان بۆسەر بنکەی ئاسمانیی بەلەد، رۆژی ١١ی ئایاری رابردوو، کۆمپانیای لۆکھید مارتن-ی ئەمریکی تیمی چاککردنەوەی فڕۆکەکانی F-16 لە بنکە ئاسمانییەکەدا کشاندەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *