بانکی ناوەندیی عێراق: هیچ نیازێک بۆ گۆڕینی نرخی فرۆشتنی دۆلار نییە

دەنگ نیوز

بانکی ناوەندیی عێراق، رەتیدەکاتەوە نرخی فرۆشتنی دۆلار بگۆڕێت و هیچ نیازێکیش بۆ گۆڕینی نییە و ئاماژە بەوەش دەکات، ئەوەی باس دەکرێت سەبارەت بە نیازی گۆڕینی نرخی فرۆشتنی دۆلار راست نییە.

ئەمڕۆ هەینی 11ی حوزەیرانی 2021، بانکی ناوەندیی عێراق، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە “نرخی فرۆشتنی دۆلار نەگۆڕە و هیچ نیازێک بۆ گۆڕینی نییە، ئەوەشی باس دەکرێت راست نییە، چونکە ئەو نرخەی کە لە کۆتایی ساڵی 2020 دا بۆ دۆلار دیاریکرا بە پشتبەستن بە توێژینەوەی قووڵ و پێویستیی دۆخی ئابووری و دارایی دیاریکرا بۆ ئامانجەکانی سیاسەتی نەخت”.

بانکی ناوەندی راشیگەیاند: “زیادکردنی فرۆشتنی دراوی بیانی لە بانکەکەمان بەهۆی زیادبوونی یەدەکی دراوی بیانیمانە بۆ دابینکردنی دراو بۆ هەموو ئەو داواکارییە یاساییانەی پێشکێشمان دەکرێن، بۆیە لە ئەنجامی رێکارەکانی ئەم دواییەی بانکی ناوەندی و رێکارەکانی لە ئایندەدا نرخی دۆلار جێگیر دەبێتەوە”.

بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد: “لێدوانەکان سەبارەت نرخی فرۆشتنی دۆلار بۆ ئەوە بڵاودەکرێنەوە کە کەسانێک سوودمەندبن، چونکە بانکی ناوەندی ئامرازی پەیوەندی تایبەت بە خۆی هەیە؛ کە سەرچاوەی زانیاری فەرمین”.

ئێستا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق 100 دۆلاری ئەمریکی بە زیاتر لە 150 هەزار دیناری عێراقی دەفرۆشرێت.

بانکی ناوەندیی عێراق، لە 19ی کانوونی یەکەمی 2020 دا بڕیاری دا، نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *