هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەم مانگەدا 13 ئۆپەراسیۆنیان لە دژی داعش ئەنجامداون
دەنگ نیوز
کۆلۆنێل واین مارۆتۆ، گوتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە تویتێکدا نووسیویەتی، “تاوەکو ئێستا لە مانگی حوزەیراندا، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و هاوبەشەکانمان 13 ئۆپەراسیۆنیان دژی داعش ئەنجامداوە و رێگرییان لە سێ کردەوەی تیرۆریستی کردووە کە بە نیازبوون دژی خەڵکی عێراق و سووریا ئەنجامیان بدەن.”
مۆرۆتۆ بە زمانی کوردیش تویتەکەی بڵاوکردووەتەوە و وێنەی ژنە پێشمەرگەیەکی لەگەڵدا هاوپێچ کردووە.
لە تویتێکی دیکەدا، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی باس لەوە دەکات، بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگری، ئاژانسی هەواڵگریی فیدراڵی و لێکۆڵینەوەکانی عێراق، لە بێستانێکی ناوچەی زەنبووری پارێزگەی سەڵاحەدین، چوار مووشەکی کاتیۆشا و سەکۆیەکی مووشەکهاوێژتنیان دۆزیوەتەوە.
بە گوێرەی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، مووشەکەکان لە شوێنێکی شاراوە ئامادەکرابوون و روویان کرابووە بنکەی سەربازیی بەلەد.
دوای دۆزینەوەیان مووشەکەکان، لەلایەن شارەزایانی پووچەڵکردنەوەی ماددە تەقەمەنییەکانەوە دوورخرانەوە.