ئەمریکا بایی١٥٠ ملیۆن دۆلار هاوکاریی سەربازیی ئۆکراینا دەکات
دەنگ نیوز
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن)، ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە چوارچێوەی پشتیوانییەکانیان بۆ ئۆکراینا بە بەهای ١٥٠ ملیۆن دۆلار هاوکاری سەربازییان پێشکەشی ئەو وڵاتە کردووە.
لەو بارەیەوە پنتاگۆن راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تیایدا هاتووە: “وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، لە چوارچێوەی پشتیوانییەکانی بۆ ئۆکراینا لە پێناو پاراستنی یەکپارچەیی خاکەکەی، دابین کردنی ئاسایشی سنوورەکانی و فراوان کردنی هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ناتۆ پاکێجێکی ١٥٠ ملیۆن دۆلاری بۆ هاوکاری کردنی ئۆکراینا ئامادە کردوە”.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە ئەم پاکێجە بەشێکە لەو ٢٥٠ ملیۆن دۆلارەی کە ئەمریکا لە بەشە بوودجەی ٢٠٢١ بۆ هاوکاری کردنی ئۆکراینا تەرخانی کردبوو، هەروەها دەربارەی چاوەڕوانییەکانی واشنتۆن لە ئۆکراینا، هاتووە: “وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، هانی ئۆکراینا دەدات بۆئەوەی وەک وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ باشتر سوپاکەی لەگەڵ بنەما مەدەنییەکان بگونجێنێت، پێداویستییەکانی سوپاکەی دابین بکات، هێزی رکابەری ئابووری زیادتر بکات، بەرهەمداری خۆی لە بواری بەرگری و شەفافییەتی کارەکانی زیاد بکات و بەدەوامبێت لە چاکسازییەکانی بۆ فراوان کردنی بەڕێوە بردنی سەرچاوە مرۆییەکان”.