لە رۆژئاوای کوردستان هەڵبژاردن دەکرێت

دەنگ نیوز

دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتیی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ ئەندامانی پێشووی کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکانی هەردوو هەرێمی جزیرە و فورات کۆبووەوە.

 بەپێی راگەیەنراوی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کە رۆژی شەممە 12ی حوزەیرانی 2021 بڵاوی کردووەتەوە، کۆبوونەوەکە بەمەبەستی سوودوەرگرتن لە شارەزایی ئەو ئەندامانە دێت بۆ دامەزراندنی کۆمیسیۆنێکی نوێ و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی خۆجێی گشتگیر لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا وەکو سەرەتایەک بۆ جێبەجێکردنی راسپاردەکانی کۆنگرەی رۆڵەکانی جەزیرە و فورات، کە لە 25ی تشرینی دووەمی ساڵی 2020 بەڕێوەچوو و تێیدا جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەئەمساڵدا کراوەتەوە.

 بەپێی راگەیەنراوەکە لەو کۆبوونەوەیەدا ئەندامانی پێشووی کۆمیسیۆن تێڕوانینی خۆیان خستووەتەڕوو، ئامادەباشی خۆیان بۆ پێشکەشکردنی هەموو یارمەتییەکان بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر نیشانداوە.

 لەگەڵ پەرەسەندنی دیالۆگی کوردی-کورد لە رۆژئاوا، داواکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن زیاتر لەگفتوگۆکاندا باسدەکرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی 26ی ئایاری رابردوو لە سووریا هەڵبژاردن بۆ سەرۆکی نوێ کرا و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر رێگەی نەدا هەڵبژاردنەکە لەژێر دەسەڵاتی ئەودا بکرێت. لە هەڵبژاردنەکە بەشار ئەسەد 95٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *