سەرۆكی بەرازیل بەهۆی نەبەستانی دەمامك سزا درا
دەنگ نیوز
حاکمی ویلایەتی ساوپاولۆ، سەرۆکی وڵاتەکەی، کوڕەکەی و وەزیرێکی بەهۆی نەبەستانی دەمامک و نەگرتنەبەری رێوشوێنی خۆپارێزیی لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەر یەکێکیان بە 108 دۆلاری ئەمریکی سزادا.
رۆژی 12ی حوزەیرانی 2021، جاییر بۆلیسارنۆ سەرۆكی بەرازیل، ئێدواردی کوڕەکەی و وەزیری ژێرخان و چەند بەرپرسێکی دیکەی حکومی بەشداربوون لە رێوڕەسمی نمایشێکی تایبەتی ماتۆرسکیلەکان لە ویلایەتیی ساوپاولۆ کە هەزاران کەس تێیدا بەشداربوون.
لە دەسپێکی نمایشەکەدا، سەرۆکی بەرازیڵ بەبێ بەستنی دەمامک و نەگرتنەبەری رێوشوێنی خۆپارێزی لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دوورەپەرێزی کۆمەڵایەتیی، تەنیا بە بەستنی کڵاوی شوفێرانی ماتۆرسکیل، بەشداریکرد لە رێوڕەسمەکە.
جواو دۆرییا حاکمی ساوپاولۆ کە هاوکات رکابەری جاییر بۆلیسارنۆ-یە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی بەرازیل کە بڕیارە ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت، سزای پێبژاردنی بەسەریاندا سەپاند.
سەرۆکایەتیی بەرازیل هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی سزاکە نەدا، بەهۆی ئەوەی جاییر بۆلیسارنۆ بەردەوام رەخنەی لە حاکمی ویلایەتیی ساوپاولۆ دەگرت بەهۆی ئەوەی سەرکەوتوو نەبووە لە پلانی خۆپارێزیی لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا.