سبەی وەزیری دارایی دەچێتە پەرلەمان
دەنگ نیوز
بڕیارە سبەی دووشەممە 14ی حوزەیرانی 2021، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی لێژنەی باڵای چاکسازییەکانی حکومەت سەردانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان دەکەن. لەبارەی بودجە و موچەی موچەخۆران و پرسی لێبڕینی 21٪ی موچەکان پرسیاری لێدەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەنگ نیوز، چوونی وەزیری دارایی و سەرۆکی لیژنەی باڵای چاکسازییەکانی حکومەت بۆ پەرلەمانی کوردستان تەنیا بۆ مەبەستی کۆبوونەوەیە لەگەڵ لیژنەی دارایی بۆ روونکردنەوەی هەندێک بابەتی تایبەت بە پرسی لێبڕینی موچە، موچەی فەرمانبەران و هەنگاوەکانی چاکسازیی لە بواری دارایی.
یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2020ی یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان-عێراق، لە 16ی کانونی دووەمی 2020 لە پەرلەمانی کوردستان پەسەندکراوە، لە 4ی شوباتی 2020، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر یاساکە کرد.