کۆمسیۆن سەبارەت بە كارمەندانی سەر سندوق ڕوونکردنەوە دەدات
دەنگ نیوز
کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی حوزەیرانی 2021، لە ڕاگەیەنراوێکدا کە هەفتانە بڵاوى دەکاتەوە و کۆپیەکى دەست “دەنگ نیوز” گەیشتووە ڕایگەیاندووە، بۆ تەواوکردنى گرێبەستى فەرمانبەران لەگەڵ کۆمسیۆندا بۆ ماوەی یەک ڕۆژ، کۆمسیۆن لیژنەى لاوەکى لە نوسینگەى پارێزگاکان هەڵبژاردووە و ئەوان سەرپشکن لە هەڵبژاردنى فەرمانبەرانى سەر سندوق ئەوانەى کە داواکارییان پێشکەش کردووە.
وەک لە راگەیەنراوەکەی کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق هاتووە، ڕێز و سوپاس لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە بۆ ئەوانە دیاری دەکرێت، ئەوەش سەربارى پێدانى پاداشت پێیان کە دواتر کۆمسیۆن بۆیان دیارى دەکات.
ئەوەش خراوەتەڕوو، کۆمسیۆن ڕەزامەندى لەسەر ئەو کاندیدانەش پیشان دەدات کە دەیانەوێت بکشێنەوە چ سەربەخۆن یاخود لەچوارچێوەى هاوپەیمانێتیەکاندا تۆمارکراون بە مەرجێک کاریگەرى نەکاتە سەر کۆتاى ژنان لە لیستەکاندا و تا ڕۆژى 20ى ئەم مانگە بۆ وەرگرتنى داواکارى کیشانەوەى کاندیدەکانیش دیارى کراوە.